نەقیبی رۆژنامەنووسانی عێراق پیرۆزبایی لە رووداو دەکات
رووداو دیجیتاڵ
نەقیبی رۆژنامەنووسانی عێراق بەبۆنەی بەدەستهێنانی خەڵاتی ستیڤی پیرۆزبایی لە رووداو دەکات.
موئەیەد لامی، نەقیبی رۆژنامەنووسانی عێراق دەڵێت، خەڵاتی زێڕینی ستیڤی "یەکێکە لە خەڵاتە گەورەکان."
هەوڵەکانی رووداو، وەک موئەیەد لامی دەڵێت، "پیشەییانە و باڵا و باش بوون بۆیە ئەم خەڵاتەیان وەرگرتووە."
نەقیبی رۆژنامەنووسانی عێراق گوتی، لە دواى بەدەستهێنانى خەڵاتی ستیڤییەوە رووداو بووە کەناڵێکى جیهانى.
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ موئەیەد لامی، نەقیبی رۆژنامەنووسانی عێراق
رووداو: تۆڕى میدیایی رووداو خەڵاتى زێڕینی ستیڤی بەدەستهێنا لە نێوان هەزاران کەناڵى راگەیاندنى جیهانیدا. چۆن پیرۆزبایی لە تۆڕى میدیایی رووداو دەکەیت؟
موئەییەد لامی: سەرەتا پیرۆزبایی راستگۆیانە لە هاوڕێیانمان دەکەم کە لە تۆڕى میدیایی رووداو کار دەکەن لە کارمەندانى کارگێڕى و تەکنیکى و بەڕێوەبەرانى و کارمەندانى دیکەى، بە بۆنەى بەدەستهێنانى ئەو خەڵاتە بەبەها و گەورەیە، کە یەکێکە لە خەڵاتە گەورەکان. پێیان دەڵێم کە هەوڵەکانتان هەوڵێکى پیشەییانە و باڵا و باش بوون و بۆیە ئەم خەڵاتەتان وەرگرتووە.
هیوادارین کە بەردەوام بن لە هەوڵ و کارە کاریگەرەکانتان لەناو کۆمەڵگەى عێراقى و لەناو دەوڵەتى عێراق کە ئێستا بوون بە کەناڵێکى جیهانى لەدواى بەدەستهێنانى ئەم خەڵاتە بە بەهایە.
رووداو: ئایا ئەم خەڵاتە بەهایەکى گەورەى دەبێت بۆ راگەیاندنى عێراق و میدیای عێراق بەشێوەیەکى گشتى؟
موئەییەد لامی: هەر دەستکەوتێک یان خاڵیکى جیاکەرەوە بۆ هەر دامەزراوەیەکى راگەیاندنى عێراقى کە تۆڕى رووداو بێت یان هەر تۆرێکى دیکە، بە دڵنیاییەوە کاریگەرى ئەرێنى لەسەر کاروانى رۆژنامەڤانى عێراق دەبێت. پێم وایە بە دیاریکراوى ئەم خەڵاتە کاریگەرى ئەرێنى و دەروونى دەبێت لەسەر کارمەندانى تۆڕەکە لەگەڵ هاورێیانیان کە بەهاى ئەو خەڵاتەیان بینى کە رووداو بەدەستى هێنا.
رووداو: هیچ قسەیەک یان راسپاردایەکت هەیە بۆ تۆڕى میدیایی رووداو یان کەناڵەکانى راگەیاندنى دیکە لە عێراق کاردەکەن؟
موئەییەد لامی: بەدڵنیاییەوە ئێمە هەمیشە داوا لە هاوڕێیانمان دەکەین کە لە کەناڵەکانى راگەیاندن کاردەکەن بێ جیاوازى کە بەردەوام بن لە کارى ئەرێنیان و گواستنەوەى راستییەکان بۆ راى گشتى، لەبەرئەوەى ئێستا بەشێک لە راى گشتى گومان دەکات لە هەندێک لە دامەزراوەکانى راگەیاندن نەک لە عێراق بەڵکو ئەوانەش کە لەدەرەوەى وڵاتن، بەهۆى زۆرى هەواڵى درۆ بەتایبەت لەگەڵ کرانەوەى سۆشیاڵ میدیا. بۆیە ئێمە زۆر پشت دەبەستین بە کەناڵە ئاسمانییەکانی عێراق و دامەزراوە رۆژنامەوانییە رەسەنەکان کە ئەزموونێکى نوێ تاقیبکەنەوە بە بڵاوکردنەوەى رۆحى هۆشیارى و گوتەى کاریگەر و راستەقینە بۆ راى گشتى کە کۆتایی بەو درۆیانە بهێنێت کە ئاڕاستەى گەل و کۆمەڵگە و وڵاتەکەمان دەکرێت.