ئەو بەرپرسەی هەنجیری دەفرۆشت: ئەوە لە هەژاریدا ناکەم بۆ هاوکاریی دایکم و براکانمە
رووداو دیجیتاڵ
ئەو بەرپرسەی بە بڵاوکردنەوەی وێنەکانی لەکاتی فرۆشتنی هەنجیردا کاردانەوەی زۆری لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دروستکرد دەڵێت، بڕوای نەبووە هێندەی کاردانەوەی پشتیوانی بۆ بچێت. ئاماژە بەوەش دەکات، 6 ساڵە ئەو کارە دەکات و ئامانجی برەودانە بە بەرهەمی خۆماڵی.
هەوراز نیزام شوانی، بەڕێوەبەری ناحیەی شوان لە پارێزگای کەرکووک، دوێنێ لەگەڵ بڵاوکردنەوەی سێ وێنەدا لە تەنیشت پیکابێکەوە کە چەند سندووقێک هەنجیری تێدا بوو نووسیبووی: "ئەمڕۆ کاژێر 05:00ـی بەیانی لە عەلوەی قەرەناو، فرۆشتنی بەرهەمی هەنجیرەکەمان.. هەموان کوڕی جووتیار و منداڵە هەژارین".
هەوراز نیزام شوانی ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "وێنەکانم بڵاوکردەوە بڕوام نەبوو هێندە کاردانەوەی هەبێ، من ئەوە زیاتر لە 6 ساڵە ئەو کارە دەکەم لە باخەکەی خۆماندا".
باخەکەی ماڵی بەڕێوەبەری ناحیەی شوان دوو دۆنمە لە گوندی قەرەناو و لەسەر زێی بچووک لە ناحیەی شوان، بەرهەمەکەی جگە لە هەنجیر، ترێ، هەنار، قۆخ و چەند میوەیەکی دیکەیە.
هەوراز شوانی، بڕوانامەی دکتۆرای لە یاسادا بەدەستهێناوە و دەڵێت: "پێش ئەوەی بەڕێوەبەری ناحیەبم هەر جووتیار و باخەوان بووم، زۆر بەلامەوە ئاساییە. چوارشەممە و پێنجشەممە لە حکومەتی عێراقەوە پشوو راگەیێندرابوو، بۆیە دەرفەتی زیاترم هەبوو هاوکاری دایکم و براکانم بکەم".
دایک و دوو برای دکتۆر هەوراز لە گوندەکەیاندا سەرپەرشتی باخەکەیان دەکەن. بەڕێوەبەری ناحیەی شوان دەڵێت: "بەهۆی بەرپرسیارییەتییەوە کەمتر دەرفەتی هاوکارییانم هەیە، بەڵام ئەو رۆژانە پشوو بوو لەگەڵیاندا بووم".
دوێنێ رووداو لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووکەوە وێنەکانی هەوراز شوانی بڵاوکردەوە، زیاتر لە یەک ملیۆن و 100 هەزار بینەری هەبوو؛ زیاتر لە هەزار و 800 کەس قسەیان لەبارەوە کردبوو، کە زۆرینەی هەرەزۆی دەستخۆشی و پشتیوانی بوو لە کارەکەی.
د. هەوراز شوانی دەڵێت: "ئەو کارەم نەکردووە کە هەژار و کەم دەرامەتبم، بەڵکو کارەکەم کردووە وەکو ئەوەی خۆم کوڕی جووتیارم، پارێزگاری لە بەروبوومی کشتوکاڵی خۆمان دەکەین، هاندانیشە بۆ خەڵک، کە بەداخەوە ئێستا وەکو پێویست گرنگی بە کشتوکاڵ نادرێت".