ئاگری دارستانەکانی لجێ و هێنێی ئامەد بەردەوامە؛ داوای هاوکاری زیاتر دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
ئاگر لە دارستانەکانی سنووری قەزاکانی لجێ و هێنێی سەر بە پارێزگای ئامەدی باکووری کوردستان کەوتووەتەوە و بەهۆی باوە خێرا تەشەنە دەکات.
ئێوارەی رۆژی هەینی 15ی ئابی 2025 ئاگر لە دارستانەکانی سەر بە هەردوو قەزای لجێ و هێنی لە ئامەدی باکووری کوردستان کەوتەوە. هاونیشتمانییان، دەزگای ئافاد، تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە، بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری دارستانەکان، بەرگریی شارستانی و فریاکەوتن لە هەوڵی کوژاندنەوەدان.
سەرهات ئەرەن، پەرلەمانتاری ئامەدی دەم پارتی، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، "ئاگرەکە لە هێنێ دەستیپێکرد و گەیشتووەتە سنووری گوندەکانی لجێ. بەهۆی با و وشکبوونی گیاوە، ئاگرەکە بەخێرایی تەشەنە دەکات. هەوڵەکان لە رێگەی زەوییەوە بەس نین و گوندنشینان داوای هێلیکۆپتەر دەکەن."
بە گوتەی پەرلەمانتارەکە، پێیان راگەیێندراوە کە هێلیکۆپتەری ئاگرکوژێنەوە لە پارێزگای سەمسووری باکووری کوردستان سەرقاڵی کوژاندنەوەی ئاگری دیکەیە.
ئەرەن داوا لە بەرپرسان دەکات بەپەلە پشتیوانیی ئاسمانی بنێرن بۆ ئەوەی رێگری لە گەیشتنی ئاگرەکە بە ناوچە نیشتەجێبووەکان بکرێت.