ئاگر لە بازاڕێکی سنە کەوتەوە؛ '20 دووکان بە تەواوی سووتان'

 
رووداو دیجیتاڵ

لە سنە ئاگر لە بازاڕێک کەوتەوە. سەرپەرشتی بەرگریی شارستانیی شارەکە دەڵێت، رووداوەکە زیانی گیانی نەبووە، بەڵام نزیکەی 20 دووکان بە تەواوی سووتاون.
 
رووداوەکە بەرەبەیانیی ئەمڕۆ هەینی 15-08-2025، لە بازاڕی ''ئاشنا''ـی شەقامی فیردەوسی شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان روویداوە. بەختیار شافیعی، سەرپەرشتیاری بەرگریی شارستانیی شارەکە رایگەیاند، ئاگرەکە لە نهۆمەکانی دووەم و سێیەمی بازاڕەکە کەوتووەتەوە و تیمەکانیان دوای چەند کاژێر توانیویانە کۆنترۆڵی بکەن.
 
بەگوتەی بەختیار شافعی، لە ئەنجامی ئاگرکەوتنەوەکەدا، 15 بۆ 20 دووکان بە تەواوی سووتاون و زیان بە ژمارەیەک دووکانی دیکەیش گەیشتووە، ''بەڵام رێگریمان لە تەشەنەسەندنی ئاگرەکە بۆ نهۆمەکانی دیکە کرد."
 
تائێستا هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە نازانرێت. سەرپەرشتیاری بەرگریی شارستانیی سنە ئەوەشی خستەڕوو، رووداوەکە هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە و لێکۆڵینەوە لە هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە بەردەوامە.
 
بازاڕی ئاشنا یەکێک لە شوێنە گەشتیاری و بازرگانییەکانی سنەیە، کە دەکەوێتە ناوچەی قەتارچییانی شەقامی فیردەوسیی شارەکە. بەگوێرەی زانیارییەکان ساڵی 1940 دروستکراوە و لەو کاتەوە چەندین جار نۆژەنکراوەتەوە.