گیانلەدەستدان بە رووداوی هاتووچۆ لە پارێزگای ورمێ زیادیکردووە

 
رووداو دیجیتاڵ

رێگەی سەرەکیی هاتووچۆی گوندەکانی مەرگەوەڕ بۆ نێو شاری ورمێ، رێگەیەکی تەسک و قەرەباڵخە و کەم رۆژ هەیە رووداوی هاتووچۆی لێ روونەدات. دانیشتووانی ناوچەکە دەڵێن، خراپیی رێگەکە هۆکاری سەرەکییە.
 
رێگەی هاتووچۆی زۆربەی گوندەکانی ورمێ خراپن، بەتایبەت لە ناوچەکانی مەرگەوەڕ، تەرگەوەڕ، سۆما و باراندێز. رێگەکان کۆن و پڕ لە کەندوقوڵکن.
 
ئەمساڵ رووداوەکانی هاتووچۆ لە رێگەی گوندەکانی شاری ورمێ زۆر زیادیان کردووە. قوربانییەکانیش زیاتر گەنج و مێرمنداڵن. ئەوان لەو رێگانەدا بە خێرایی دەڕۆن و خێرا رۆیشتنیان، وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلەکە یان پێکدادانی لێدەکەوێتەوە و بەهۆیەوە دەبنە قوربانی.
 
رێگەی گوندەکانی ورمێ چاودێریی پۆلیس و کامێراکانی هاتووچۆیان لەسەر نییە، بۆیە بەشێک لە شۆفێران بەبێ ترس لە سزادان، بە ئارەزووی خۆیان ئۆتۆمبێل لێدەخوڕن.
 
لە سێ مانگی بەهار و مانگی یەکەمی هاوینی ئەمساڵدا 283 کەس لە پارێزگای ورمێ بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە. بەشێوەی مامناوەند، مانگانە 70 کەس. ئاماری پار، مانگانە 44 کەس بووە. پۆلیسی هاتووچۆی پارێزگای ورمێ دەڵێت، خەواڵوویی شۆفێر، تیژڕۆیی، پێشکەوتن لە شوێنی رێگەپێنەدراو و گرنگینەدان بە رێنوێنییەکان، هۆکاری سەرەکیی رووداوەکانی هاتووچۆن لەو پارێزگایە.