ژمارەیەک خێزان بەهۆی نەبوونی سەنتەری ئۆتیزم لە قەزا و ناحیەکان ماڵەکانیان بۆ پارێزگاکان گواستووەتەوە


رووداو دیجیتاڵ 

شەش ساڵە خێزانی منداڵێکی ئۆتیزم، هەموو هەوڵێکیان بۆ ئەوەیە چارەسەرێک بۆ دینداری کوڕیان بدۆزنەوە. تەنانەت لە ماڵەکەی خۆشیاندا هەموو رۆژێک راهێنانی پێدەکەن. 
 
خانەوادەی دیندار بەهۆی نەبوونی سەنتەری ئۆتیزمەوە، لە تەممووزی 2022ـەوە ماڵەکەیان و پیشەی مامۆستایەتییەکەیان لە قەزای خورماڵەوە بۆ سلێمانی گواستووەتەوە، بۆ ئەوەی منداڵەکەیان ببەنە سەنتەرێکی ئۆتیزم. 
 
چیا فەریح، دایکی دیندارە و بە رووداوی گوت: "من مامۆستای گرێبەستم، دەمویست مامەڵەی دایکایەتی منداڵی ئۆتیزم بکەم بۆ ئەوەی خزمەتی منداڵەکەم بکەم، چووم مامەڵەشم کرد، بەڵام لە پەروەردە پێیان گوتم، تەنها 'مووچە ئیسمییەکەت (ئەسڵییەکەت)' وەردەگرێت کە 200 تا 300 هەزار دینارە، ئەوەش بەشی پێداویستی منداڵەکەی من ناکات".
 
سالار حەمەخان، باوکی دیندارە و دەڵێت: "کاری لەپێشینەی من ئێستا ئەو منداڵەیە و هەموو ژیانم خستووەتە کەنارەوە تەنها لەپێناو ئەو، ئەوەش ژیانی سەخت کردووم. خۆم و خێزانیشم مامۆستاین، هەموو مانگێک 300 هەزار دینار دەدەم بە سەنتەرە تایبەتەکە، کرێی تەکسی 120 هەزارە، کرێی خانوو 250 هەزار دەدەم جگە لە ئاو و کارەبا و پێداویستییەکان." 
 
لە سلێمانی یەک سەنتەری حکومی ئۆتیزم هەیە، لەوێ نزیکەی 55 منداڵ وەرگیراون؛ دیندار براوەتە سەنتەرێکی تایبەت لەوێ 65 منداڵ رۆژانە راهێنانیان پێدەکرێت. 
 
بەڕێوەبەری گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی سلێمانی دەڵێت، سەنتەرەکان کەمن، بەڵام هەوڵیان داوە ژمارەیەک سەنتەری دیکەش بکەنەوە. 
 
بێستوون جەبار، بەڕێوەبەری گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی سلێمانی بە رووداوی راگەیاند: "پێشتر لە تەواوی هەرێمی کوردستان سێ سەنتەری ئۆتیزم هەبوون، بەڵام ئێمە زیادمان کردووە ئێستا لە پارێزگای هەڵەبجە، قەزای کۆیە و قەزای بازیانیش سەنتەری ئۆتیزم کراوەتەوە و لە پلانیشماندایە زیاتری بکەین".
 
لە سلێمانی 710 منداڵی ئۆتیزم هەن، 650 کەسیان مووچەیان تائێستا بۆ نەبڕاوەتەوە، دیندار یەکێک بوو لەوانە. جگە لەوەش زۆرینەی ئەو منداڵە ئۆتیزمانە بەهۆی ئەوەی دایک و باوکیان فەرمانبەر نین یاخود تازە دامەزراون ناتوانرێت مووچەیان پێبدرێت.