لیستە کوردییەکان سەرکەوتنیان بەدەستنەهێنا و بەربژێری پارتەکان قازانج دەکەن


رووداو دیجیتاڵ 

ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنەکانی خۆجێیی و ئەنجوومەنەکانی بیانییان لە هەرێمی نۆردراین ڤێستفاڵن بە قازانجی لیستە کوردییەکان دەرنەچووە، بەڵام بەربژێرە کوردەکانی نێو پارتە ئەڵمانییەکان قازانج دەکەن. 
 
سەرنجی رای گشتیی ئەڵمانیا لەسەر سەرۆکی گەورەشارەوانییەکان بووە و چاوی کوردی ئەڵمانیاش لەسەر بێریڤان ئایماز، بەربژێری پارتی سەوز بۆ گەورەشارەوانیی کۆڵن بووە.
 
هەرچەندە بێریڤان بە 128 هەزار و 935 دەنگەوە بە 28.1٪ لەپێش 12 رکابەری خۆی دێت، بەڵام دوای دوو هەفتەی دیکە دەچێتە هەڵبژاردنی یەکلاکەرەوەوە و رکابەری لەگەڵ تۆرستن بورمێستەر، بەربژێری پارتی سۆشیال دیموکراتەکان دەکات.
 
بەپێی سیستمی هەڵبژاردنە خۆجێییەکان بۆ گەورەشارەوانییەکان، (پارێزگار) پێویستی بە زۆرینەی کەمی زیاتر لە 50٪ـی دەنگدەران دەبێت، بەربژێری لە پێشەوە بە سەرکەوتوو هەژمار دەکرێت. لە 28-09-2025 هەڵبژاردنی یەکلاکەرەوە بۆ 36 سەرۆکشارەوانی دەکرێنەوە.
 
ئەندامانی کوردی سەرکەوتوو بۆ ئەنجوومەنی شارەوانییەکان: 
 
ئیبراهیم کوس، ئەندامی ئەنجوومەنی شاری ڤێرتەر
 
ليزا کۆچ، ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانی بیلەفێلد
 
نارين کۆتلۆ ئێلماس، ئەندامی ئەنجوومەنی شاری هێرفۆرد
 
دیلان یازیجیئوغلۆ، ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانی کۆڵن
 
مەروان عۆمەر، ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانی هیدنهاوزن
 
میدیا مستەفا، ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانی موینستەر - پارتی سەوزی ئەڵمانیا 
 
لیستە کوردییەکان سەرکەوتنی بەرچاویان بەدەستهنەهێنا، هەرچەندە لە هەندێکیان بەربژێرێک و هەندێکی دیکە تەنیا دوو بەربژێریان متمانەی دەنگدەریان بەدەستهێناوە. سەرکەوتنی بەرچاو بۆ لیستە هاوبەشە فرەنەتەوەییەکان بووە. بەربژێرانی کوردی رێزبەندی سەرەوەی هەندێک لە پارتەکانیش قازانجیان کردووە. 
 
ئەندامانی کوردی سەرکەوتوو بۆ ئەنجوومەنی بیانییەکان لە شارە جیاوازەکانی هەرێمی نۆردراین ڤێستفاڵن: 
 
باران یەنەن، ئەندامی ئەنجوومەنی بیانییەکان لە شاری ئاخن
 
سيلدا کۆلەدامجا، ئەندامی ئەنجوومەنی بیانییەکان لە شاری بۆخۆلت
 
مەحموود سمۆ، ئەندامی ئەنجوومەنی بیانییەکان لە شاری بۆخوم - پارتی کرستیان دیمۆکرات
 
کاوە شێخێ، ئەندامی ئەنجوومەنی بیانییەکان لە شاری باد ئوینهاوزن لە لیستی لێبوردەیی و گۆنجان
 
قەهرەمان چیکا، ئەندامی ئەنجوومەنی بیانییەکان لە شاری باد ئوینهاوزن - لە لیستی لێبوردەیی و گۆنجان
 
ئیلیاس بەدەل، ئەندامی ئەنجوومەنی بیانییەکان لە شاری میندن لە لیستی ئێزدییەکان
 
سەمیر سفۆک، ئەندامی ئەنجوومەنی بیانییەکان لە شاری موینستەر لە لیستی هێڤی
 
دلێر سابر، ئەندامی ئەنجوومەنی بیانییەکان لە شاری موینستەر لە لیستی گلۆبەڵ 
 
ئازاد ئەمەک، ئەندامی ئەنجوومەنی بیانییەکان لە شاری بیلەفێلد - سەربخوە
 
موراد ئایکانات، ئەندامی ئەنجوومەنی بیانییەکان لە شاری بیلەفێلد 
 
محەممەد کانەت، ئەندامی ئەنجوومەنی بیانییەکان لە شاری هێرفۆرد
 
پەروەر شەمۆ، ئەنەدامی ئەنجوومەنی بیانییەکان لە شاری باد زالتسئۆلفن 
 
ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی بیانییەکان لە شارەکانی لیڤەرکوزن یەکلایی نەکراوەن و لەو شارە لیستێکی کوردی هەیە بە ناوی (یەکبوون) و چاوەروان دەکرێت لەو شارە چەند ئەندامێکی کورد دەربچن. لە شاری دۆرماگن، لە رێکخراوی رووکەن، چانسی بەربژێرکی کورد هەیە دووبارە ببێتە ئەندامی ئەنجوومەنی بیانییەکان. 
 
پەیمان حەسۆ، بەربژێری گەنجی رۆژئاوای کوردستان لەنێو ریزەکانی سۆشیاڵ دیموکراتەکان لە شاری هێرنێ بۆ پەرلەمانی بووە، بەپێی رێژەی دەنگی پارتەکەیان لەو شارە، چانسی گەورەی هەیە بۆ پێنچ ساڵی داهاتوو پەرلەمانتار بێت. 
 
رێژەی بەشداریکردن 56,8% بەراورد لەگەڵ ساڵی 2020 (51,9%)، نزیکەی 5% زیادکردووە. کۆی گشتیی دەنگدانەکە لە بەرژەوەندیی پارتی ئالتەرناتیفی ئەڵمانیا AFDی پەرگیر بووە و رێژەی دەنگەکانیان 9,4% زیادکردووە. 
 
رێژەی دەنگی پارتەکان: 
 
کریستیان دیموکراتەکان CDU بە 33،3% لە پێشەوەیە؛ پارتی سۆشیال دیمۆکراتەکان SPD بە 22,1% و پارتی ئالتەرناتیفی ئەڵمانیا AFD بە 14,5% لە رێزبەندی سێیەم دێت. پارتی سەوز بە 13,5% و دواتریش پارتی چەپ بە 5,6% و ئینجا پارتی ئازادی - لیبرال بە 3,7% دێت.