کۆنسووڵخانەی بەریتانیا لەبارەی لاهوور و براکەی: پشتگیریی لەو دوو هاووڵاتییە بەریتانییە دەکەین
رووداو دیجیتاڵ
کۆنسووڵخانەی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، پاڵپشتی لەو دوو هاووڵاتییە بەریتانییە دەکەن کە لە هەرێمی کوردستان دەستگیرکراون، ئەمە وەکو ئاماژەیەک بۆ سەرۆکی بەرەی گەل و برایەکەی کە 22ی ئاب لە شاری سلێمانی دەستگیرکران.
رۆژی دووشەممە، 15ی ئەیلوولی 2025، کۆنسووڵخانەی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان لە وەڵامی پرسیارێکی تۆڕی میدیایی رووداودا سەبارەت بە دانیشتنی دوێنێی بەرپرسانیان لەگەڵ لاهور شێخ جەنگی، سەرۆکی بەرەی گەل و پۆڵاد شێخ جەنگی، بەرپرسی پێشووی دژەتیرۆر- سلێمانی رایگەیاند، "پاڵپشتی لەو دوو هاووڵاتییە بەریتانییە دەکەین کە لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا دەستگیرکراون".
دوێنێ، سەرچاوەیەکی باڵا لە بەرەی گەل بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کۆنسووڵی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی شاندێک سەردانی لاهوور شێخ جەنگییان کردووە لە گرتووخانە. دواتر کۆنسووڵی بەریتانیا، سەردانی پۆڵاد شێخ جەنگیشی کردووە، کە هەردووکیان هەڵگری وڵاتینامەی بەریتانیان.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، ماوەی دوو کاژێر و نیو گفتوگۆیان لەگەڵ هەردووکیان کردووە و کۆمەڵێک پرسیاری تایبەتیان لێکردوون لەبارەی کۆی رووداوەکەی 22ی ئاب بەتایبەت لەگەڵ لاهوور شێخ جەنگی و هەروەها پرسیاری ئەوەیان کردووە ئایا ئەشکەنجە دراون یان هەوڵدراوە بە زۆر دانپێدانانیان لێ وەربگیرێت.
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست رووداو کەوتوون، لاهوور شێخ جەنگی پێی گوتوون، "هیچ شتێک [تاوان]ـی لەسەر نییە، بابەتەکە ململانێی سیاسی و هەرێماییەتییە، بۆیە بەو جۆرە رووبەرووم بوونەتەوە و سەرجەم ئەو تۆمەتانەش رەتدەکەمەوە کە ئاراستەی من و هاورێیانم کراون."
لاهوور شێخ جەنگی، بەشێکی زۆری تەمەنی لە بەریتانیا بەسەربردووە و وڵاتینامەی ئەو وڵاتەی هەیە.
بەرەبەیانیی 22ـی ئابی 2025، دوای زیاتر لە سێ کاژێر پێکدادان لە نێوان هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی و هێزەکەی لاهوور شێخ جەنگی لە هۆتێل لالەزاری سلێمانی، لاهوور شێخ جەنگی، پۆڵادی برای و دەیان ئەندامی هێزەکەی دەستگیرکران.