گیانلەدەستدانی کرێکاران لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان زیادی کردووە
رووداو دیجیتاڵ
کرێکارانی بیناسازی لە ئێران ژیانی خۆیان دەخەنە مەترسییەوە بۆ بەدەستهێنانی پاروە نانێک. خراپی گوزەرانی کرێکاران وایکردووە هەر کارێک هەبێت بیکەن، تەنانەت ئەگەر گیانیشیان بخاتە مەترسییەوە.
میکائیل سدیقی، سکرتێری ناوەندی ئەنجوومەنی کرێکارانی بیناسازی لە ئێران لەمبارەیەوە دەڵێت، "رووداوەکانی کار دووەمین هۆکاری مردنن لەسەر ئاستی ئێران، واتە دوای رووداوەکانی هاتووچۆ، رووداوەکانی کار زیاترین گیانلەدەستدانی لێدەکەوێتەوە. بە پێی ئاماری دادپزیشکی، چوار ساڵ لەمەوبەر 28 هەزار و 127 کەس و ساڵی دواتر 26 هەزار و 77 کەس تووشی رووداوی کار بوون. بە پێی ئەم ئامارە سێ ساڵ لەمەوبەر هەزار و 900 کەس گیانیان لەدەستداوە."
بە پێی ئاماری دادپزیشکیی ئێران، لە 21ـی ئاداری 2024 تاوەکو 21ـی ئاداری 2025، واتە لە ماوەی ساڵێکدا، 2000 کرێکار لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان گیانیان لەدەستداوە و 26 هەزاری دیکەش بریندار بوون.
میکائیل سدیقی باس لەوە دەکات، "ئێستا لەسەر ئاستی وڵاتی ئێران هەزار پشکنەری کارمان هەیە و لەولاشەوە نزیکەی سێ ملیۆن یەکەی ئابووری و پیشەیی هەن کە بیمە کراون. بەڕاستی لەگەڵ یەکدا ناگونجێن. بە هەزار پشکنەری بەڕێوەبەرایەتیی کار یان وەزارەتی کارەوە چۆن دەکرێت پشکنین لە سێ ملیۆن یەکەی ئابووری و کارگە بکرێت کە کرێکاران تێیدا خەریکی کارکردنن؟"
دۆخی خراپی ئابووری، نەبوونی هەلی کار و گرانی، کرێکارەکانی ناچار کردووە هەر هەڵێکی کاریان دەستبکەوێت رەتی نەکەنەوە، تەنانەت ئەگەر مەترسی بۆ سەر گیانیشیان هەبێت.
عەبدوڵڵا بەڵواسی، چالاکڤانی بواری کرێکاری لە مەریوان ئاماژە بەوە دەدات، "نەبوونی چاودێریی پێویست لەلایەن ئیدارەی کارەوە هۆکارێکە بۆ ئەوەی رووداوەکانی کار تۆمار نەکرێن و کرێکارەکان گیانیان هەمیشە لە مەترسی دا بێت. لە لایەکی دیکەوە، تاقمێک لە خاوەن کار و پرۆژە بۆ ئەوەی داهاتی زیاتریان دەست بکەوێت، گرنگی بە پاراستنی گیانی کرێکاران نادەن و بە کەڵک وەرگرتن لە نەبوونی بەرپرسیارێتی بەڕێوەبەرایەتیی کار، کرێکارەکانیان بیمە ناکەن."
ئەنجوومەنەکانی کرێکاران لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان داوای باشترکردنی دۆخی کرێکاران، گرتنەبەری رێوشوێنەکان بۆ پاراستنی گیانیان و زیادکردنی مووچە و کرێکەیان دەکەن.