پۆلیسی سلێمانی: دوو کەس بە تۆمەتی دزینی 126 ملیۆن دینار و 60 مسقاڵ زێر دەستگیرکران

رووداو دیجیتاڵ

پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، دوو کەسیان بە تۆمەتی دزینی زێڕ و پارە دەستگیر کردووە.
 
رۆژی دووشەممە 15ـی ئەیلوولی 2025، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، دەستگیرکردنی ئەو دوو کەسە لەسەر سکاڵای هاووڵاتییەک بووە، کە لای پۆلیسی چەمچەماڵ گوتوویەتی 126 ملیۆن دینار و نزیکەی 60 مسقاڵ ئاڵتوونی لێ دزراوە، بۆیە مەفرەزەکانی نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی چەمچەماڵ دەستیان بە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون کردووە.
 
لە راگەیێندراوی پۆلیسدا هاتووە: "دوای بەدواداچوون و بە بڕیاری دادوەر، توانرا دوو تۆمەتبار بەپێی مادەی 443 لە یاسای سزادا دەستگیر بکرێن".
 
سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە کاتی دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکاندا، دەست بەسەر بڕێک لە پارە دزراوەکەدا گیراوە."
 
یەکێک لە تۆمەتبارەکان ناوی (ب. ع. ع) و لەدایکبووی ساڵی 1999ـیە و یەکێکی دیکە ناوی (م. م. ئ.) و ساڵی 2000 لە دایکبووە.
 
پۆلیس دەستی بە لێکۆڵینەوە لەگەڵ دوو تۆمەتبارەکە کردووە. سەرکەوت ئەحمەد گوتی: "هەردوو تۆمەتبارەکە دانیان بە تاوانەکەیاندا ناوە".