هەرێمی کوردستان دەچێتە وەرزی پاییزەوە و پێشبینی بارانبارین دەکرێ

 
رووداو دیجیتاڵ 

دووشەممەی داهاتوو وەرزی هاوین کۆتایی دێ. کەشناسیی عێراق دەڵێ، بارستە هەوایەکی سارد ناوچەکە دەگرێتەوە. کەشناسێکیش پێشبنی بارانبارین لە چەند ناوچەیەک دەکات.
 
کەشناسیی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ دووشەممە پلەی گەرمای باشووری کوردستان هاوشێوەی دوێنێ دەبێ و سبەی "نزیک" دەبێتەوە لە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ. 
 
عامر جابری، گوتەبێژی دەستەی کەشناسیی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کاریگەریی بارستە هەوایەکی سارد لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا دەگاتە عێراق و لە باکوور و رۆژئاوای وڵات دابەزینێکی بەرچاو لە پلەی گەرما تۆمار دەکرێ."
 
گوتەبێژی دەستەی کەشناسیی عێراق گوتی: "پلەی گەرما لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان 2 بۆ 4 پلە یان زیاتر دادەبەزێ، بە جۆرێک لە رۆژدا کەشەکە مامناوەند و لە شەودا فێنک دەبێت، لەکاتەکانی بەرەبەیانیشدا سارد دەبێت."
 
عامر جابری گوتی: "پارێزگاکانی باشوور تاوەکو کۆتایی هەفتە لەژێر کاریگەریی بارستەهەوای گەرمدا دەمێننەوە، بەڵام پێشبینی دەکرێ لە سەرەتای هەفتەی داهاتووەوە پلەی گەرما لەو پارێزگایانەش دەست بە دابەزین بکات و بەشێوەیەکی گشتی پلەی گەرما لە عێراق بۆ خوار 40 پلەی سیلیزی دابەزێ".
 
شاڵاو هیدایەت، شارەزای کەشوهەوا، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دووشەممەی داهاتوو 22ـی ئەیلوول، هەرێمی کوردستان وەرزی هاوین بەڕێدەکات و 23ـی ئەیلوول یەکەم رۆژی وەرزی پاییز دەبێت".
 
شاڵاو هیدایەت پێشبینی دەکات "لەنێوان 17 بۆ 19ـی ئەم مانگە، تاوەباران و برووسکە چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان بگرێتەوە و کاریگەری زیاتری لەسەر ناوچەکانی باکوور، باکووری رۆژهەڵاتی هەرێمی کوردستان هەبێ".
 
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، سبەی پلەی گەرما لە باشووری کوردستان بەم شێوەیە دەبێت:
 
هەولێر؛ 37°
سلێمانی؛ 35°
دهۆک؛ 35°
هەڵەبجە؛ 38°
کەرکووک؛ 38°
گەرمیان؛ 41°
زاخۆ؛ 36°
سۆران؛ 35°
ئامێدی؛ 33°
ئاکرێ؛ 37°
حاجی ئۆمەران؛ 24°