ئابووریی ئێران و دۆخی خەڵکەکەی؛ 7 ملیۆن کەس لە ئەوپەڕی هەژاریدان
رووداو دیجیتاڵ
دۆخە خراپە ئابوورییەکەی ئێران، تاوەکو دێت ژمارەی هەژارەکان زیاتر دەکات، ئێستا خەڵکانێک لەو وڵاتەدا نەک هەژارن، بەڵکو لە ئەوپەڕی هەژاریدا دەژین.
عەلیڕەزا عەسگەریان، جێگری پێشووی وەزیری کار و خۆشگوزەرانیی کۆمەڵایەتیی ئێران دەڵێت، "ئەگەر بۆ داهاتی هەر تاکەکەسێک، یەک ملیۆن و 240 هەزار تمەن وەکو بنەما وەربگرین، نزیکەی چوار تاوەکو چوار ملیۆن و 500 هەزار کەس لە ژێر هێڵی ئەوپەڕی هەژاری دان. ئەگەر دوو هەزار و 350 کالۆری رۆژانە وەکو بنەما وەربگرین، ئەو کات هێڵی ئەوپەڕی هەژاری دەبێتە یەک ملیۆن و 440 هەزار تمەن و 7 ملیۆن کەس یان هەندێک زیاتر دەکەونە ژێر هێڵی ئەوپەڕی هەژارییەوە."
ئەم ساڵ تاوەکو ئێستا ئاماری هەژاری لە ئێران بڵاونەکراوەتەوە، بەڵام بەپێی ئامارەکانی پار، نزیکەی 31٪ی دانیشتووانی لە خوار هێڵی هەژاریدا بوون. بە بەرزبوونەوەی رێژەی هەڵاوسان و دابەزینی توانای کڕینی خەڵک، مەزەندە دەکرێت رێژەکە ئەم ساڵ زۆر زیاتر بێت.
حکومەتی ئێران بڕیاری داوە، هاوکارییە داراییەکان لەسەر 18 ملیۆن کەس ببڕێت کە پێیوایە داهاتیان باشە و پارەکەی بۆ توێژە کەمدەرامەتەکان خەرج بکات. لە قۆناخی یەکەمیشدا هاوکارییەکانی سێ ملیۆن کەسی بڕیوە.
شاهرۆخ رامین، ئەندامی لیژنەی کۆمەڵایەتی لە پەرلەمانی ئێران ئاماژە بەوە دەدات، "لەنێو ئەو سێ ملیۆن کەسەی هاوکارییە نەختینە حکومییەکانیان لەسەر بڕدرا، هیچ کەسێک ناڕەزایەتی پێشان نەداوە. وەکو ئەوە وایە خۆیان رازی بن بەوەی هاوکارییە داراییەکانی حکومەت بۆ ئەو چین و توێژانە بێت کە پێویستیان پێیەتی. پارەکەش بڕیار نییە بچێتە گیرفانی هیچ کەسێکەوە، لێرە کە دەبڕدرێت، بۆ گرووپە کەمداهاتەکان خەرج دەکرێت."
لە 15 ساڵی رابردوودا توانای کڕینی خەڵکی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان زۆر کەمیکردووە، لە کۆی داهاتی هەر خێزانێک، زیاتر لە 42.4٪ـی تەنیا بۆ کرێی خانوو دەروات، 25٪ـی بۆ خۆراک و نزیکەی 22٪ بۆ گواستنەوە، تەندروستی و جلوبەرگە.