ناتۆ بەرگرییەکەی لە باڵی رۆژهەڵاتی هاوپەیمانییەکەی بەهێزتر دەکات
رووداو دیجیتاڵ
ناتۆ هێزی زیاتر رەوانەی رۆژهەڵاتی ئەورووپا دەکات. فڕۆکە جەنگییەکانی فەرەنسا لە جۆری رافال بە ئاسمانی پۆڵەندا دا دەسوڕێنەوە، وەک بەشێک لە ئۆپەراسیۆنی ناونراو لە "پاسەوانی رۆژهەڵات".
ئۆپەراسیۆنەکە وەڵامی ناتۆیە بۆ بەزاندنی ئاسمانی پۆڵەندا لە لایەن درۆنەکانی رووسیاوە.
کارۆل ناڤرۆکی، سەرۆکی پۆڵەندا، بڕیارێکی واژۆ کردووە کە رێگە بە جێگیرکردنی هێزە بیانییەکانی ناتۆ لە خاکی پۆڵەندا دەدات.
نووسینگەی ئاسایشی نیشتمانیی وڵاتەکەی پشتڕاستی کردەوە کە ئۆپەراسیۆنەکە ئاسمانی پۆڵەندا پارێزراوتر دەکات و ئاماژەیەکە بۆ یەکڕیزیی وڵاتانی ناتۆ دژی هەر هێرشێکی رووسیا.
مارک رووتە، سکرتێری گشتیی ناتۆ رایگەیاند، چەندین وڵاتی هاوپەیمان لەم ئەرکەدا بەشدارن و بەمشێوەیە بەشداری دەکەن:
- فەرەنسا سێ فڕۆکەی رافال دەنێرێ
- ئەڵمانیا چوار فڕۆکەی یۆرۆفایتەر
- دانیمارک دوو فڕۆکەی F-16 و کەشتییەکی جەنگیی کە سیستمی بەرگریی ئاسمانی تێدایە
- هۆڵەندا سیستمی بەرگریی ئاسمانیی پاتریۆت رەوانە دەکات
- چیک یەکەیەکی هێلیکۆپتەری جێگیرکردووە
وادیسلاڤ کۆشینیاک-کامیش، وەزیری بەرگریی پۆڵەندا، پێشوازیی لەو هەنگاوە کرد و بە "وەڵامێکی تووند و روون" بۆ رووسیا ناویبرد.
جگە لەوە نزیکەی 10 هەزار سەربازی ئەمریکا، چەندین فڕۆکەی F-35ـی هۆڵەندا و سیستمی پاتریۆتی ئەڵمانیا لە پۆڵەندا جێگیر کراون، ئێستاش چەند دەزگایەکی دیکەی نوێی بەرگریی ئاسمانیی ناتۆی بۆ زیاد دەکرێ، بۆ رووبەڕووبوونەوەی درۆن، مووشەک و فڕۆکەی جەنگی.
ئێوارەی 13ـی ئەیلوول، رۆمانیاش جووڵەی بە دوو فڕۆکەی جەنگیی کرد، دوای ئەوەی، بە گوتەی خۆی، دوو درۆنی رووسی بە قووڵایی 10کیلۆمەتر چوونە نێو سنوورەکەی بۆ ماوەی 50 خولەک تێیدا مانەوە. دواتر دوو فڕۆکەی یۆرۆ فایتەری ئەڵمانیاش بۆ پشتیوانیکردنی رۆمانیا فڕێنران. بەڵام لە ترسی زیانی گەیاندن بە ناوچەی نیشتەجێبوون، درۆنەکانیان نەخستنە خوارەوە، تاوەکو بە خۆیان گەڕانەوە نێو سنووری رووسیا.
مۆسکۆ دەڵێ، بەزاندنی سنووری پۆڵەندا بێ مەبەست بووە و لە کاتی هێرش بۆ سەر رۆژئاوای ئۆکراینا روویداوە.
بەڵام رەتی دەکاتەوە درۆنەکانی گەیشتبنە سنووری رۆمانیا و دەڵێت، وڵاتانی رۆژئاوا دەیانەوێ ئەم رووداوانە بکەنە پاساو بۆ خۆشکردنی ئاگری جەنگ.