زیندانێکی نوێ لە شاری مهاباد دروست دەکرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

بە گوتەی بەڕێوەبەری گرتووخانەکانی ئێران، زیندانێکی نوێ لە شاری مهابادی رۆژهەڵاتی کوردستان دروست دەکرێت، پلانەکە لە چوارچێوەی پرۆژەی حکومەت بۆ گواستنەوەی زیندانەکان بۆ دەرەوەی شارەکانە.
 
غولامعەلی محەممەدی، بەڕێوەبەری گرتووخانەکانی ئێران لە سەردانیدا بۆ شاری مهاباد رایگەیاند، دوای دیاریکردنی شوێنی تایبەت و دابینکردنی بودجەی پێویست، پرۆسەی دروستکردنی گرتووخانەی نوێ لە شاری مهاباد دەستیپێکرد.
 
بەڕێوەبەری گرتووخانەکانی ئێران گوتی، "پرۆژەکە بە یەکێک لە پرۆژە گرنگەکان لەسەر ئاستی ئێران دادەنرێ و لە چوارچێوەی سیاسەتی گواستنەوەی زیندانەکان لەنێو شارەکانەوە بۆ دەرەوەی شارەکان جێبەجێ دەکرێ. ئامانج لە دروستکردنیشی باشترکردنی ژێرخانی راگرتن و چاکسازیکردنی زیندانیانە."
 
غولامعەلی محەممەدی گوتیشی، بەشێکی زۆری زیندانەکانی ئێستا بەهۆی ئەوەی لەمێژە دروستکراون و کۆنن، هەروەها بەهۆی ئەوەی کەوتوونەتە نێو شار و گەڕەکە قەرەباڵخەکان، پێداویستییە هەنووکییەکانی سیستمی چاکسازی دابین ناکەن، بۆیە دروستکردنی زیندانە نوێیەکان لە دەرەوەی شارەکان بووەتە یەکێک لە ستراتیژە سەرەکییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گرتووخانەکانی ئێران.
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی گرتووخانەکانی ئێران، گواستنەوەی زیندانەکان بۆ دەرەوەی شارەکان، گوشارە کۆمەڵایەتی و دەروونییەکان لەسەر خەڵکی گەڕەک و ناوچە نیشتەجێبووەکانی شارەکان کەمتر دەکاتەوە، هەروەها ئاسانکاری دەکات بۆ پێشکێشکردنی خزمەتگوازییەکان بۆ زیندانیان و خێزانەکانیان، جێبەجێکردنی بەرنامە چاکسازییەکانی زیندانەکانیش باشتر دەکات.
 
شاری مهاباد سەر بە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستانە و بە پێی دوایین ئاماری فەرمیی ئێران، ژمارەی دانیشتوانی شارەکە لەگەڵ گوندەکانی دەوروبەری زیاتر لە 260 هەزار کەسە.