بەرپرسی لقی پارتی: رێککەوتن کراوە خدر رەشۆ ببێتە قایمقامى نوێی شنگال


رووداو دیجیتاڵ 

بەرپرسی لقی 17ـی پارتی دیموکراتی کوردستان لە شنگال بە رووداوی راگەیاند، رێککەوتن لەسەر دانانی قایمقامێکی نوێ بۆ قەزای شنگال کراوە و خدر رەشۆ، بەربژێرە بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە. دەشڵێت، بەپێی رێککەوتنی شنگال، پێشمەرگە و سوپای عێراق ئەو قەزایە و دەورەبەری دەپارێزن.
 
قادر قاچاخ، بەرپرسی لقی 17ـی پارتی لە شنگال لەبارەی ئەو رێککەوتنەی بۆ دانانی قایمقامی شنگال کراوە رایگەیاند، دوێنێ چوارشەممە بە ئامادەبوونی رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان، بەرپرسی لقەکانی پارتی لە موسڵ و "قایمقامی ئێستای شنگال" کۆبوونەوەیەک لەسەر چۆنیەتی جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق ئەنجامدراوە "رێککەوتین خدر رەشۆ، بەڕێوەبەری پێشووتری شارۆچکەی سنون ببێتە قایمقامی شنگال". 
 
خدر رەشۆ کوردی ئێزدییە و خەڵکی گوندی حەردانی سەر بە شارۆچکەی سنوونە، زیاتر لە حەوت ساڵە لە دەرەوەی وڵات دەژی و پێشتر بەڕێوەبەری شارۆچکەی سنوون بووە.
 
قادر قاچاخ
 
 
لەبارەی رێککەوتن لەسەر شنگال دەڵێت، حکومەتی عێراق "بەڕاشکاوانە" رایگەیاندووە، دەبێت یەکەمجار "ئەو هێزە نایاساییانەی سەر بە پەکەکەن، لە شنگال دەربکرێن"، دواتر هێزەکانی پێشمەرگە لەگەڵ سوپای عێراق دەورەبەری شنگال بپارێزن و قایمقامی نوێ دەستبەکاربێت.
 
دوای هەموو ئەو هەنگاوانە، ئینجا ئاوارەکان دەبێت بگەڕێنەوە شنگال. قادر قاچاخ دەڵێت، "ئێمەش وەکو لقی پارتی دەگەڕێینەوە شنگال".
 
زیاتر لە شەش ساڵە، نزیکەی 75%ـی خەڵکی شنگال کە بەهۆی هێرشی داعش بوونە ئاوارە و پەنابەر و لە هەرێمی کوردستان، تورکیا، سووریا و ئەوروپا دەژین.