پۆلیسی گەرمیان: بەهۆی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلێک، گەنجێک گیانی لەدەستدا

 
رووداو دیجیتاڵ

راگەیاندنی پۆلیسی گەرمیان بڵاویکردووەتەوە، ئەمشەو لەسەر رێگەی ناحیەی قۆرەتوو - کەلار، ئۆتۆمبێلێک لە جۆری نیسان پەترۆڵ وەرگەڕاوە و سەرنشینێک بەناوی (محەممەد ئەمیر فایەق) بەهۆیەوە گیانی لەدەستدا.
 
ئەو سەرنشینەی گیانی لەدەستداوە لەدایکبووی ساڵی 2003 بووە و دانیشتووی قەزای کەلار بووە، شۆفێری ئۆتۆمبێلەکەش بە سووکی برینداربووە.
 
بەمەبەستی توێکاری تەرمی ناوبراو رەوانەی پزیشکی دادوەریی کەلار کراوە، شۆفێری ئۆتۆمبێلەکەش بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی 24ی هاتووچۆ بەندکراوە.
 
پێشتر و هەر ئەمڕۆ پێنجشەممە 15ی تشرینی یەکەم لە نزیک ناحیەی باوەنوور، بەهۆی رووداوێکی هاتووچۆ لەنێوان دوو ئۆتۆمبێل لە جۆرەکانی ئۆپڵ و نیسان مینی پاس، سێ کەس برینداربوون، برینی یەکێکیان سەخت بووە و رەوانەی نەخۆشخانەی سلێمانی کراوە.
 
رووداوی هاتووچۆکەی نزیک ناحیەی باوەنوور، بەهۆی تێپەڕاندنی هەڵەی هەردوو ئۆتۆمبێلەکەوە بووە. لێکۆڵینەوەش لە رووداوەکە لەلایەن تیمی هاتووچۆی ناحیەی باوەنوورەوە دەستیپێکردووە.