نزیکەی 12 ملیۆن لیتر نەوت لە ناوچە شاخاوییەکانی هەرێمی کوردستان دابەشکراوە
رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتییەکانی سووتەمەنی لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، تائێستا 11 ملیۆن و 967 هەزار لیتر نەوت دابەشکراوە. بەڕێوەبەری سووتەمەنیی دهۆک دەڵێت، پلان وایە دابەشکردنی نەوت لەنێو شارەکانیش دەستپێبکات.
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی سووتەمەنی هەولێر، تاوەکو 14ـی ئۆکتۆبەر، لە ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای هەولێر و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران 4 ملیۆن و 238 هەزار لیتر نەوت دابەشکراوە.
ئەو شوێنانەی وەکو ناوچەی شاخاویی لە پارێزگای هەولێر نەوتیان لێ دابەشکراوە بریتین لە شەقڵاوە، پیرمام، چۆمان، سیدەکان، بالیسان و هەریر.
هەروەها لە سنووری ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای سلێمانی، دابەشکردنی نەوتی ماڵان لە 9ـی ئۆکتۆبەرەوە دەستیپێکردووە و تاوەکو 12ـی مانگ لە قەزاکانی پێنجوێن و سەیدسادق 3 ملیۆن و 260 هەزار لیتر دابەشکراوە؛ 2 ملیۆن و 383 هەزار لیتری بۆ پێنجوێن بووە و 879 هەزار لیتریش بۆ سەیدساق.
لە ناوچە شاخاوییەکانی سنووری پارێزگای دهۆکیش 4 ملیۆن و 469 هەزار لیتر نەوت بەسەر 22 هەزار و 345 خێزاندا دابەشکراوە. لەو بڕە، ملیۆنێک و 892 هەزار 40 لیتری بەسەر ناوچە شاخاوییەکانی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆدا دابەشکراوە بووە.
موحسین تەها، بەڕێوەبەری سووتەمەنی و کانزاکانی دهۆک ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دابەشکردنی نەوت بەردەوامە؛ بەگوێرەی نووسراوی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان، ئەمساڵ لەنێو سەنتەری شارەکانیش نەوتی سپی دابەش دەکرێت."
لە ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای هەڵەبجە تائێستا دەست بە دابەشکردنی نەوت نەکراوە. ئاوات محەممەد، سکرتێری قایمقامی هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "تاوەکو ئەمڕۆ نەوت لەم سنوورە دابەش نەکراوە؛ چوارساڵیشە هیچ بڕە نەوتێک لەنێو شارەکەدا دابەش نەکراوە". گوتیشی، نەوتەکە ئامادەیە، بەڵام دابەشنەکراوە.
بۆ هەر بەرمیلێک نەوت کە 200 لیتر بێت، 104 هەزار لە هاووڵاتییان وەردەگیرێت، کە چوار هەزاری بۆ کرێی گواستنەوەیە.
لە هەرێمی کوردستان نزیکەی ملیۆنێک و 285 هەزار خێزان هەن، ساڵی رابردوو لەو ژمارەیە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان نەوتی بەسەر زیاتر لە 383 هەزار خێزانی ناوچە شاخاوییەکاندا دابەشکرد. لە 20ـی ئۆکتۆبەرەوە دابەشکردنی نەوتی لە ناوچە شاخاوییەکان دەستیپێکرد و تاوەکو نێوەڕاستی مانگی ئادار بەردەوام بوو.
بەگوێرەی دوایین ئاماری وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، کە لە 19ـی ئاداری 2023 بڵاوکراوەتەوە، لەو ماوەیەدا زیاتر لە 383 هەزار خێزان لە ناوچە شاخاوییەکان، بەرمیلێک نەوتیان بە نرخی 103 هەزار و 500 هەزار دینار وەرگرتووە.
ساڵی رابردوو زۆرترین نەوت لە ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای هەولێر دابەشکرا، کە زیاتر لە 31 ملیۆن لیتر بوو، لە ناوچە شاخاوییەکانی سلێمانی زیاتر لە 24 ملیۆن لیتر، لە ناوچە شاخاوییەکانی دهۆک زیاتر لە 15 ملیۆن لیتر و لە ناوچە شاخاوییەکانی هەڵەبجەش زیاتر لە 639 هەزار لیتر نەوتی سپی دابەشکرا.