لە سێواسی باکووری کوردستان 7 کەس بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستدا

رووداو دیجیتاڵ

لە سێواسی باکووری کوردستان، پاسێکی گەشتیاری وەرگەڕا، بەهۆیەوە حەوت کەس گیانیان لەدەستدا و 40 کەسی دیکەش برینداربوون. هاتووچۆی سێواسیش دەڵێت، "پاسەکە خێرا بووە و رێگەکە خلیسک بووە بەهۆی بارانی بەلێزمەوە."
 
رووداوەکە، ئەمڕۆ یەکشەممە، 15ـی تشرینی یەکەمی 2023، روویدا، کاتێک پاسێکی گەشتیاری لە ئیستەنبوولەوە بەرەو پارێزگای وان بەڕێکەوتبوو، لەسەر رێگەی سەرەکیی نێوان هەردوو شارۆچکەی پنارباشی - گورون لە پارێزگای سێواس وەرگەڕا. لە ئەنجامدا حەوت کەس گیانیان لەدەستدا و 40 کەسی دیکە برینداربوون. 
 
بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی پارێزگای سێواس، هۆکاری وەرگەڕانی پاسەکەی بۆ تیژڕۆیی و خلیسکانی بەهۆی بارانی بەلێزمەوە گەڕاندەوە. 
 
دوای رووداوەکە، هاونیشتمانییان لایەنە پەیوەندیدارەکانیان ئاگادارکردەوە و ژمارەیەکی زۆر ئەمبوڵانس، ئاگرکوژێنەوە، هێزەکانی جەندرمە و دەزگای ئافاد خۆیان گەیاندە شوێنی رووداوەکە.  نزیکەی دوو کاژێریش رێگەی سەرەکیی نێوان هەردوو شارۆچکەکە داخرابوو. 
 
رۆژی 8ـی تشرینی یەکەمی 2023، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی تورکیا، ئاماری نۆ مانگی رووداوەکانی هاتووچۆیە لە باکووری کوردستان و تورکیا بڵاوکردەوە و رایگەیاند، 411 هەزار و 675 رووداوی هاتووچۆ روویانداوە، بەهۆیەوە دوو هەزار و 253 کەس گیانیان لەدەستداوە و 269 هەزار و 91 کەسی دیکەش برینداربوون.
 
لە ساڵی 2022یش لە باکووری کوردستان و تورکیا 485 هەزار و 48 رووداوی هاتووچۆ روویانداوە و دوو هەزار و 282 کەس گیانیان لەدەستداوە و 291 هەزار و 151 کەسی دیکەش برینداربوون.