کشتوکاڵى نەینەوا: کێشەکەى مەخموور پەیوەندیی بە قەدەخەى گواستنەوەى گەنمەوە هەیە

 
رووداو دیجیتاڵ 

جێگرى بەڕێوەبەرى کشتوکاڵى نەینەوا رایگەیاند، کێشەى جووتیارانى مەخموور پەیوەندیی بە قەدەخەکردنى گواستنەوەى گەنمەوە هەیە لەنێوان پارێزگاکان، لەگەڵ نوێنەکردنەوەى گرێبەستى کشتوکاڵى ئەو زەوییانەى دەکەونە سنوورى مادەى 140.
 
رۆژی 15ى تشرینى یەکەمى 2023، عەبدوڵڵا سەعید، جێگرى بەڕێوەبەرى کشتوکاڵى نەینەوا بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "یەکێک لە هۆکارەکانى خۆپێشاندانى جووتیارانى قەزاى مەخموور پەیوەندى بەوە هەیە کە بڕیارێک هەیە بۆ رێگرى لە گواستنەوەى گەنم لەنێوان پارێزگاکانى عێراق بۆ ئەوەى هەر پارێزگایە و پشکى دیاریکراوی خۆى بفرۆشێت بە وەزارەتى بازرگانى و  گەنمى پارێزگایەک لە پارێزگایەکى دیکە نەفرۆشرێت."
 
15ى تشرینى یەکەمى 2023، بەشێک لە جووتیارانی قەزاى مەخموور بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی بەرامبەر سوپای عێراقی گردبوونەوە و رێگەی سەرەکیی نێوان شارەکە و هەولێری پایتەختى هەرێمى کوردستانیان داخست، ئەوەش بەهۆی رێگریکردنی سوپاکە بۆ گواستنەوەی پێداویستییەکانی کشتوکاڵیی جووتیاران بۆ سەر زەوییەکانیان، بەتایبەت بنەتۆوى گەنم و پەینى کیمیایی.
 
جێگرى بەڕێوەبەرى کشتوکاڵى نەینەوا ئاماژەى بەوەشدا کە یەکێک لە هۆکارەکانى دیکەى ئەو خۆپێشاندانە ئەوەیە کە ژمارەیەکى زۆر لە گرێبەستى کشتوکاڵى لە زەوییە کشتوکاڵیەکانى سنوورى مادەى 140 لەو پارێزگایە نوێ نەکراونەتەوە و رێنماییمان لە چوارچێوەى پلانى کشتوکاڵى پێگەیشتووە کە دەبێت گرێبەستە کشتوکاڵییەکان نوێ بکرێنەوە.
 
عەبدوڵڵا سەعید گوتیشى: "دەبێت رێککەوتنى بەرایی لەنێوان یەکە کارگێڕیەکانى هەولێر و نەینەوا هەبێت لەسەر ئەو پرسە، دواتر رەزامەندیی فەرمانگەى زەوییە کشتوکاڵییەکان لە وەزارەتى کشتوکاڵ وەربگیرێت و دواتر جووتیارەکان دەست بە مامەڵەى نوێکردنەوەى گرێبەستەکانیان بکەن.
 
مانگی تشرینی یەکەم، وەرزی چاندنی گەنمە بۆ وەرزى کشتوکاڵى ساڵى داهاتوو، لەکاتێكدا بەرهەمى گەنمى ئەمساڵى نەینەوا نزیکەى یەک ملیۆن تۆن بووە .
 
جێگرى بەڕێوەبەرى کشتوکاڵى نەینەوا ئاشکرایکرد کە "زەوی کشتوکاڵیی سنوورى ناوچە جێناکۆکەکانى نەینەوا دەگاتە نزیکەى 800 هەزار دۆنم".