لە باکووری کوردستان 'بارانی بەلێزمە و بەفر' دەبارێت
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسیی تورکیا هۆشداری لێزمەباران و لافاو لە ژمارەیەک پارێزگای باکووری کوردستان دەدات. دەشڵێت "ئەگەری بەفربارینیش هەیە."
بەڕێوەبەرایەتییەکە لە سایتی فەرمیی خۆیدا پێشبینییەکانی کەشوهەوای سبەی دووشەممە، 16ـی تشرینی یەکەمی 2023 لە تورکیا و باکووری کوردستان بڵاوکردەوە و تێیدا هۆشداری لەبارەی لێزمەباران و لافاو دەدات. دەشڵێت، "پارێزگاکانی قەرس، ئەردەخان، سێواس، ئەرزینجان، ئەرزەڕۆم، وان، شرنەخ، جۆلەمێرگ، بەدلیس، مووش، چەولیگ، ئاگری و ئیدیر دەگرێتەوە."
هاوکات، دەزگای ئافاد بە پشتبەستن بەپێشبینییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسیی تورکیا، داوا لە هاونیشتمانییانی ئەم چەند پارێزگایەی باکووری کوردستان دەکات، بەتایبەتی گوندنشینەکان لە ئەگەری روودانی لافاودا بچنە سەربانی ماڵەکانیان.
دەزگای ئافاد، ئامادەباشیی خۆیشی راگەیاندووە بە هاوئاهەنگیی لەگەڵ شارەوانییەکان و فەرماندەیی هێزەکانی جەندرمە بەپێی پێویست بەهانای خەڵکەوە دەچن لە ئەگەری کۆبوونەوەی ئاو بەهۆی لێزمەباران و ئەگەری روودانی لافاوەکاندا.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسیی تورکیا پێشبینیش دەکات، پلەی گەرما لەو ناوچانە لە کاتی بەرەبەیانەوە زیاتر دادەبەزێت و شەپۆلی بارانبارینەکەش تاوەکو 17ـی مانگ بەردەوام دەبێت.