فێستیڤاڵی هەنار لە هەڵەبجە بەڕێوەدەچێت و زیاتر لە 500 شوێن بۆ خاوەن باخەکان ئامادە دەکرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی لیژنەی باڵای فێستیڤاڵی هەنار لە هەڵەبجە دەڵێت، ئامادەکارییان بۆ فێستیڤاڵەکە دەستپێکردووە و فێستیڤاڵەکە ئەمساڵ سەرەتای مانگی 11 دەستپێدەکات و سێ رۆژ دەخایێنێت. دەشڵێت، 500 شوێن بۆ خاوەن باخەکان ئامادە دەکرێت و چاوەڕوان دەکەن نزیکەی 200 هەزار سەردانیکار سەردانی فێستیڤاڵەکە بکەن.
 
رۆژی یەکشەممە 15ی ئۆکتۆبەری 2023 ئەرسەلان عابید، ئەندامی لیژنەی باڵای ئامادەکاری فێستیڤاڵی هەنار لە هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئامادەکارییەکان بۆ فێستیڤاڵی هەنار دەستیپێکردووە و رۆژی 2ی تشرینی دووەم کاژێر 10:00ی بەیانی بە رێوڕەسمێک دەستپێدەکات و رۆژانی 3 و 4ی مانگیش بەردەوام دەبێت.
 
"500 خاوەن باخ و 200 خانمی دەستڕەنگین بەشداری دەکەن"
 
بڕیارە رۆژانە کاژێر 09:30ی بەیانی بۆ کاژێر 06:00ی ئێوارە لە فێستیڤاڵەکەدا کە لە پارک و شاری یاریی هەڵەبجە بەڕێوەدەچێت پێشوازی لە سەردانیکاران بکرێت. ئەرسەلان عابید دەڵێت، ناونووسینیان بۆ باخەوان و ژنانی دەستڕەنگین دەستپێکردووە و گوتیشی، "گرێبەستمان لەگەڵ کۆمپانیایەک کردووە کە 500 شوێنی فەرمی بۆ بەشداران ئامادە دەکەن."
 
لیژنەی باڵای ئامادەکاری فێستیڤاڵی هەڵەبجە چوار ئەندامی هەیە. ئەرسەلان عابید یەکێک لەو ئەندامانەیە و گوتی، ساڵانە جگە لە باخەوانەکان، نزیکەی 200 ژنی دەستڕەنگین بەرهەمەکانیان ساخ دەکەنەوە.
 
"جگە لە هەنار، گوێزی هەورامان و بەرهەمی ناوچەکە لە فێستیڤاڵەکەدا دەبن"
 
هەنار بابەتی سەرەکیی فێستیڤاڵەکەیە، بەڵام بڕیارە گوێز، دۆشاو، سرکە، مێووژ، خواردنە کوردەوارییەکان و هەموو بەرهەمە خۆماڵییەکانی هەورامان و شارەزوور لەو فێستیڤاڵەدا هەبن.
 
فێستیڤاڵی هەنار ساڵی رابردوو 24 و 25ی ئۆکتۆبەر بەڕێوەچوو، لەبارەی دواخستنیەوە بۆ مانگی 11، ئەرسەلان عابید گوتی، ئەمساڵ دەیانەوێت هەنار باشتر پێبگات؛ هەروەها کەشوهەوا فێنکتر بێت کە هەردوو هۆکارەکە لە فێستیڤاڵەکەی پاردا جێگەی رەخنەی بەشداران بووە.
 
ئەم ئەندامەی لیژنەی باڵای فێستیڤاڵی هەنار دەڵێت، "هەناری ئەمساڵ زۆر باشترە لە ساڵی رابردوو، لەڕووی رێژەشەوە بەرهەمی ئەمساڵ زیاترە لە ساڵی رابردوو.
 
"چاوەڕوانی 200 هەزار سەردانیکار دەکەین"
 
بەگوێرەی خەمڵاندنی لیژنەی ئامادەکاری فێستیڤاڵی هەنار لە هەڵەبجە، ساڵی رابردوو نزیکەی 200 هەزار سەردانیکار سەردانی فێستیڤاڵەکەیان کردبوو و فرۆشی فێستیڤاڵەکەش نزیکەی ملیارێک دینار بوو. ئەرسەلان عابد ئەمڕۆ چوارشەممە گوتی، "هەرچەند دۆخی ئابووری باش نییە، بەڵام پێشبینی دەکەین سەردانیکار ئەگەر زیاتریش نەبێت لە ساڵی رابردوو کەمتریش نەبێت"
 
"لە کۆی 20 هەزار دۆنم زەوی بە هەنار چێندراو لە هەرێمی کوردستان 9 هەزاری لە هەڵەبجەیە"
 
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان بۆ رووداو، نزیکەی 20 هەزار دۆنم زەویی باخی بە هەنار چێندراو هەیە، هەر دۆنمێک لانیکەم 200 نەمامی تێدایە و هەر نەمامێک نزیکەی 20 کیلۆ بەرهەمی هەیە؛ بەگوێرەی پێشبینییەکانی وەزارەتەکە، بەرهەمی هەنار لەکاتی پێگەیشتن تاوەکو کۆتاییهاتنی دەگاتە 80 هەزار تۆن.
 
هەڵەبجە بە "شوناسی هەناری کوردستان" دادەنرێت؛ لە 20 هەزار دۆنم زەویی بە هەنار چێندراو 9000یان لە هەڵەبجەدایە و بەرهەمی ساڵانەی دەگاتە 30 هەزار تۆن.
 
هەناری هەرێمی کوردستان لە سەرەتای ئەیلوولدا پێدەگات و تاوەکو 15ی مانگی 12 بەرهەمی دەمێنێت، لەکاتی پێگەیشتنیدا یەک هەنار هەزار دینار باجی دەخرێتەسەر، ئەویش بەئامانجی ساخبوونەوەی بەرهەمی نێوخۆ، کە بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ ئاستی خۆبژێویی تێپەڕاندووە.