کارنامەی پارتی بۆ هەڵبژاردن: بە چەسپاندنی مافە نەتەوەییەکانمان کۆتایی بە بیانووی بڕینی مووچە دەهێنین
رووداو دیجیتاڵ
پارتی دیموکراتی کوردستان لە کارنامەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراقدا جەخت لەسەر 5 خاڵ دەکاتەوە، کە پێشینەیان بەهێزترکردنی پێگەی کوردستانە لە عێراقی فیدراڵدا.
لە 3ی تشرینی یەکەمی 2025 بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەستیپێکردووە، کە بڕیارە 11ی تشرینی دووەم بەڕێوەبچێت؛ زیاتر لە 7000 بەربژێر لە عێراق و هەرێمی کوردستان کێبڕکێ لەسەر بەدەستهێنانی 329 کورسی دەکەن.
رۆژی سێشەممە 14ی تشرینی یەکەمی 2025 شاهۆ نەجم، بەربژێری پارتی لە کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە کارنامەکەدا پارتی خۆی وەک نوێنەری گەلی کوردستان دەزانێت کە لەپێناو حوکمڕانییەکی باش و بەرپرسیار، دامەزراندنی دەوڵەتێکی هاوچەرخ و سیستمێکی دیموکراسیی خەمخۆری خەڵک، لە ریزی پێشەوەی خەباتدا بووە. پارتەکە پابەندبوونی خۆی بە مافە نیشتمانییەکانی هەموو هاووڵاتییانی کوردستان و عێراق دووپات دەکاتەوە."
لەبارەی خاڵە سەرەکییەکانی کارنامەی پارتی، شاهۆ نەجم دەڵێت، "جەختکردنەوەیە لەسەر جێبەجێکردنی دەستووری هەمیشەیی عێراق، دابینکردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و مووچەی فەرمانبەران، پێشخستنی ئابووری، کارکردن بۆ جێبەجێکردنی ماددەی 140ی دەستوور خاڵی سەرەکی و ئامانجی پارتی دیموکراتی کوردستانن، کە پێی وایە پابەندبوون بە دەستوور تاکە رێگەیە بۆ پاراستنی یەکێتیی ئارەزوومەندانەی خەڵک و سەروەریی وڵات."
بەپێی کارنامەی پارتی دیموکراتی کوردستان کە دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە و تێیدا هاتووە، "پارتی بەردەوام و ئێستاش لە هەمووکات زیاتر جەخت لە جێبەجێکردنی دەستووری هەمیشەیی عێراق دەکاتەوە، خەبات بۆ مافە دەستوورییەکانی هەموو هاووڵاتییان و پێکهاتەکانی کوردستان و عێراق دەکات، باوەڕیشی وایە کە تەنیا و تەنیا بە پابەندبوونی هەمووان بە دەستووری هەمیشەیی عێراقەوە؛ یەکێتیی ئارەزوومەندانەی خەڵک و خاک و سەروەریی وڵات پارێزراو دەبێت، وەک روونیشە کە هۆکاری تەواوی کێشە بنەڕەتییەکانی ئەمڕۆی عێراقی فیدراڵ، پابەندنەبوونە بەو دەستوورەوە."
کارنامەی پارتی دیموکراتی کوردستان جەخت لەسەر پێنج خاڵ و داکۆکی لە جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان لە دەوڵەتی عێراقی فیدراڵدا دەکات، بە شێوازێک هەر یەک لە دەسەڵاتی: یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەری ئەرکەکانی خۆیان لەو چوارچێوەیەدا جێبەجێ بکەن، کە دەستوور و بنەماکانی فیدراڵی دیارییان کردوون.
بەهێزترکردنی پێگەی کوردستان لە عێراقی فیدراڵ دا
پارتی دیموکراتی کوردستان لە کارنامەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراقدا دەڵێت، "پیادەکردنی دەستوور بە تەواوی مادە و بڕگەکانییەوە بێ هەڵاوێرکردن، هەر ئەمەش تاکە زامنی بەردەوامیی یەکێتیی ئارەزوومەندانەی خاک و گەل و سەروەریی عێراقی فیدراڵە. پابەندبوونی هەمووان بە دەوڵەتێکی دیموکراتیی و فیدراڵی، پابەندبوون بە پرەنسیپەکانی عێراقی نوێ: (هاوبەشی، هاوسەنگی، سازان) و پێشخستنی زیاتری قەوارەی سیاسیی هەرێمی کوردستان بە گیانی یەکڕیزیی کوردستانییەوە."
لە کارنامەکەدا پارتی جەخت لەسەر پاراستن، پەرەپێدان و فراوانکردنی بەکارهێنانی زمانی کوردی وەک زمانی فەرمی لە گشت دامەزراوە فیدراڵییەکان، داڕشتنی یاسا و بەڵگەنامە و نووسراوە فەرمییەکان، بەشداریی کارای نوێنەرانی هەرێمی کوردستان لە شاندەکانی حکومەتی فیدراڵی لە کۆڕ، کۆبوونەوە، کۆنگرە، کۆنفرانس و دامەزراوەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان و دیپلۆماسیەتی فرەلایەن دەکاتەوە.
دابینکردنی سەرجەم ماف و شایستەکانی پێشمەرگەی کوردستان و رێزگرتن لە پێشمەرگە وەکو سیمبولی ئازادی، یەکێکی دیکەیە لە بەرنامەکانی پارتی.
پارتی: لە رێگەی چەسپاندنی مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانەوە بیانووی بڕینی مووچە کۆتایی پێدەهێنین
وەک پارتی لە کارنامەکەیدا باسی کرد، "بەدەستهێنان و چەسپاندنی مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی گەلی کوردستان لە چوارچێوەی دەستووری هەمیشەیی عێراقی فیدراڵدا، لەسەر بنەماکانی هاوبەشی، هاوسەنگی و سازان، هەروەها گەرەنتیکردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، لەوانەش بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان وەک مافێکی بنەڕەتیی دەستووری و یاسایی، کۆتاییهێنان بە دەستوەردانی سیاسی و بیانووگرتن بۆ بڕینی مووچە و بژێوی هاووڵاتیان، رێگەگرتن لەوەی ئاستەنگ بۆ پێشکەوتنی هەرێمی کوردستان دروست بکرێت و بەردەوامبوون لە رێزگرتنی یاسایی و کردەیی لە نەتەوە، ئایین، مەزهەب و هزرە جیاوازەکان و گوزارشتکردنی ئازادانە بۆ هەمووان و داکۆکیی بەردەوام لە مافە سیاسی، کارگێڕی و کولتورییەکانی تورکمان، کلدان، سریان، ئاشووری، ئەرمەن و سابیئە مەندائییەکان و هاوبەشییان لە دەسەڵات و سامانی وڵاتدا و بایەخدانی زیاتر بە کوردانی فەیلی، ئێزدی و شەبەک" دەکات.
پارتی دیموکراتی کوردستان جەخت لەسەر بێلایەنیی سوپا و هێزە ئەمنییەکانی عێراقی فیدراڵ و مانەوەیان وەک دامەزراوەی دەوڵەتی، رێگرتن لە بەکارهێنانیان لە ناکۆکییە نێوخۆییەکاندا دەکات، راستکردنەوەی رێژەی سەرجەم پێکهاتەکانی عێراق لەناو سوپادا، پاراستنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان و رووبەڕووبوونەوەی هەموو ئەو گرووپ و تاقم و کەسە لەیاسادەرچووانەی کە هێرشی درۆنی و پەلاماری جیاجیای سەر دامەزراوە گشتی و ئابوورییەکانی هەرێمی کوردستان دەکەن، دەکاتەوە.
سەبارەت بە قوتابیان، پارتی لە کارنامەکەیدا دەڵێت، "ڕێژەیەکی شایستە بۆ قوتابیانی هەرێمی کوردستان لەو زەمالانەی خوێندنی باڵایەی کە حکومەتی فیدراڵی لە زانکۆکانی دەرەوە بۆ قوتابیانی عێراق دەیڕەخسێنین."
داوای جێبەجێکردنی یاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی (مەجلیسی قیادەی سەورە)ـی رژێمی پێشووی عێراق دەکەن، کە زیان بە مافە دەستوورییەکانی گەلانی عێراق دەگەیەنن.
لە ساڵی 2014دا داعش هێرشی کردە سەر شنگال و بەشێک لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان. سەبارەت بەم پرسە، پارتی لە کارنامەکەیدا داوای "دادگاییکردنی ئاشکرای تاوانبارانی داعش و سەپاندنی سزای یاسایی بەسەریاندا، هەروەها گەڕاندنەوەی رووفاتی ئەنفالکراوان، قەرەبووکردنەوەی خانەوادەکانیان بە باشترین شێوە و ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکانیان بە شێوەیەکی هاوچەرخانە دەکات."
دەرچوونی یاسایەکی نوێی هەڵبژاردن کە ماف و هەلی یەکسان و نوێنەرایەتییەکی هاوسەنگ بەپێی رێژەی دانیشتووان بۆ هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی عێراق بڕەخسێنێت، یەکێکی دیکەیە لە کارنامەکەی پارتی، هەروەها دەرکردنی یاسایەکی نوێی بەڕێوەبردنی دارایی فیدراڵی، کە لەگەڵ سیستمی فیدراڵیدا بگونجێت و مافەکانی هەرێمی کوردستان وەکو یەکەیەکی فیدراڵی دەستەبەر بکات.
ئابوورییەکی هەمەچەشن و دابینکردنی خۆشگوزەرانی
لە کارنامەی پارتیدا هاتووە، "کار دەکەین لەپێناوی دابینکردنی ماف و شایستە دارایییەکانی هەرێمی کوردستان و بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی دەستووری هەمیشەیی عێراقی فیدراڵ. شایستە دارایییەکان، بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان، مافی بنەڕەتیی نکۆڵینەکراوی دەستووری و یاسایین، نەک بەخشین و لاڵانەوە. هەروەها کارکردنی هەمەلایەنە بۆ هێنانەکایەی ئابوورییەکی هەمەچەشن، کە پشت بە هەموو سەرچاوەکانی داهات و ئابووری ببەستێت، نەک تەنیا سامانی نەوت و گاز."
لەبارەی وەبەرهێنانەوە پارتی دەڵێت، "بۆ ئابوورییەکی گەشەسەندوو، کار دەکەین بۆ دروستکردنی ژینگەیەکی لەبار بۆ وەبەرهێنانی نێوخۆیی و راکێشانی وەبەرهێنەرانی دەرەکی تاوەکو کەرتی تایبەت ببێتە بزوێنەری گەشەی ئابووریی عێراق و پێداچوونەوە بە سیستەم و پەیکەری کەرتی دارایی و بانکی لە عێراقدا، بۆ ئەوەی لەسەر بنەماکانی ئاشکراکردن، روونی و لێپرسینەوە بێت بۆ گێڕانەوە و پتەوکردنی متمانە بەو کەرتە. ئەمەش لەپێناوی ئەوەی رۆڵی خۆی لە بەگەڕخستن و خولانەوەی سەرمایەدا بگێڕێت و هەرێمی کوردستان بەشداری بکات لە داڕشتن و رێکخستنی سیاسەتی دارایی و نەختینەیی عێراقدا، تاوەکو لەو رێگەیەوە شایستە دارایییەکانی خەڵکی کوردستان گەرەنتی بکرێن."
بۆ پێناسە گومرگییەکان، پارتی لە کارنامەکەیدا داوای یاسایەکی نوێ و دادپەروەرانەی فیدراڵی دەکات، بە شێوازێک ئاسانکاریی زیاتر بۆ بزاڤی بازرگانیی نێوخۆیی و دەرەکی بکات، بەجۆرێک پاڵپشت بێت بۆ کارگە و کۆمپانیاکان و کەرتی تایبەت، بە لابردنی ئەو بەربەستە ئیدارییانەی بۆیان دروست دەکرێت.
هەرێمی کوردستان لە کەرتی کشتوکاڵدا پێشەنگە. پارتی لە بەرنامەیدایە زیاتر گرنگیی پێ بدات و پاڵپشتیی زیاتری بواری کشتوکاڵ و وەرزێڕی بکات، کە سامانێکی لەبننەهاتووی کوردستان و عێراقە، لە رێگەی دابینکردنی پێداویستییەکانی بەرهەمهێنان، وەک بنەتۆو، پەیین، قڕکەرەکان، ئامێرە کشتوکاڵییەکان و کڕینەوەی بەرهەمی جووتیاران و دابینکردنی شایستە دارایییەکانیان بە هەمان شێوەی جووتیارانی شارەکانی دیکەی عێراق و هەڵگرتنی بەربەستەکانی بەردەم ساغکردنەوەی بەرهەمەکانیان.
کارکردن بۆ پاراستنی ژینگە یەکێکی دیکەیە لە بەرنامەکانی پارتی، هەروەها دەیەوێت رێگری لە مامەڵەی نایاسایی و نەشیاو لە جموجۆڵی بازرگانیی نێوخۆیی و دەرەکی و مامەڵەکردنی نایەکسان لەگەڵ هەرێمی کوردستان و بەرهەمە نێوخۆییەکان و پێناسەی گومرگی بکات.
پارتی: هەموو هەوڵێک دەخەینەگەڕ بۆ گەڕاندنەوەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم
چەندین ساڵە ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان زۆرترین کێشە و مشتومڕی لەسەرە و ناهێڵن جووتیارە کوردەکان لە زەوی و زاری خۆیان کشتوکاڵ بکەن و لە زۆر بواری دیکەدا لەلایەن سوپای عێراقەوە کێشەیان بۆ دروست دەکرێت.
پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، "لەم خولەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بەپێی دەستووری هەمیشەیی عێراقی فیدراڵ، هەموو هەوڵەکان دەخەینە گەڕ و کار دەکەین لەپێناو گەڕاندنەوەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، لەڕێگەی جێبەجێکردنی مادەی (140)ی دەستووری هەمیشەیی عێراقی فیدراڵ و میکانیزمەکانی: (ئاساییکردنەوە، سەرژمێری، راپرسی) و کۆتاییهێنان بە رەوشی خراپی ئەو ناوچانە و قەرەبووکردنەوەی خەڵکەکەیان."
لەبارەی شنگالیشەوە پارتی لە کارنامەکەیدا دەڵێت، "کار دەکەین لەپێناو کۆتاییهێنان بە رەوشی خراپی ژیانی شنگالییان و نەهێشتنی ئەو زوڵمەی لە خاک و خەڵکەکەی کراوە و دەکرێت، هەروەها قەرەبووکردنەوەیان بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و شایستە، هەروەها جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال و ئاساییکردنەوەی رەوشی ناهەمواری شنگال و چوونەدەرەوەی گرووپە چەکدارە دەرەکی و نایاساییەکان و گەڕانەوەی ئارەزوومەندانە و سەربەرزانەی خەڵکەکەی بۆ زێدی خۆیان و قەرەبووکردنەوەیان و رزگارکردنی رفێندراوانی ئێزدی و ناساندنی کارەساتی شنگال وەکو جینۆساید لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و قەرەبووکردنەوەی مادی و مەعنەوییان."
پارتی لە بەرنامەیدایە کۆتایی بهێنێت بە سیاسەت و شاڵاوەکانی تەعریب لە کەرکووک و شنگال و خانەقین و تەواوی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان و راگرتنی هەر جۆرە هەوڵێکی گۆڕینی دیمۆگرافی لەم ناوچانەدا.
بۆ دەوڵەتێکی پێشکەوتوو و هاوچەرخ؛ "رووبەڕووی گەندەڵی دەبینەوە"
پارتی جەخت لە رێزگرتن لە سەروەریی و رێگەگرتن لە دەستێوەردانی دەرەکیی لە کاروباری ناوخۆی عێراقی فیدراڵ دەکاتەوە و دەڵێت، "کاردەکەین بۆ چەسپاندنی حوکمڕانیی باش (الحكم الرشيد) لە عێراقی فیدراڵدا و پابەندکردنی دەوڵەتی عێراق بە رێزگرتن و پابەندبوون و پیادەکردنی تێکڕای بەڵگەنامە نێودەوڵەتییەکان، بە تایبەت ئەوانەی پەیوەندیدارن بە مافەکانی مرۆڤ و مافی پێکهاتەکان و مافی بڕیاردانی چارەنووس."
پتەوکردنی پەیوەندیی دۆستانەی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ لەسەر بنەمای پرەنسیپی هاوبەش و رێز لە یەکترگرتن و هاوسێیەتیی باش و دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆی یەکتر و چارەسەرکردنی کێشەکان بە شێوازی ئاشتییانە، یەکێکی دیکەی بەرنامەکانی پارتییە.
لە کارنامەی پارتیدا هاتووە، "بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیی و لێپێچینەوەی یاسایی لە گەندەڵکاران بە سوودوەرگرتن لە ئەزموونی دەوڵەتانی پێشکەوتوو و داکۆکیکردن لە ئازادیی راگەیاندن و رێکخستنەوەی لە چوارچێوەی یاسادا و بەردەوامبوون لەسەر بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن و بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان، کە یەکێک لە مەترسییە گەورەکانی سەر ئێستا و داهاتووی وڵاتە. هەروەها کردنەوەی سەنتەری چارەسەریی قوربانیان و بەرەنگاربوونەوەی هەمەلایەنەی تیرۆریزم و هزری تیرۆر و رێکخراوە تیرۆریستییەکان و بەکارهێنانی تووندوتیژی."
لەبارەی یاسای نەوت و گاز، پارتی لە کارنامەکەیدا باسی کردووە، "کاردەکەین بۆ دەرکردنی یاسای نەوت و گاز بەپێی مادەی 111 و 112ـی دەستووری هەمیشەیی عێراقی فیدراڵ."
رەخساندنی هەلی کاری زیاتر و بەردەوام، بە تایبەتی بۆ لاوان، هەروەها دانانی بەرنامەیەکی دادپەروەرانە و وەکو یەکی بەخشینی قەرز، بۆ کار و پڕۆژەکانیان لە کارنامەی پارتی باسکراوە.
لە کارنامەکەدا ئاماژە بە مافەکانی ئافرەتان کراوە و هاتووە، "پاراستن و رێزگرتنی مافەکانی ئافرەتان و کارکردنی بەردەوام لەپێناو فراوانکردنی رۆڵ و بەشداریی زیاتری ئافرەتان لە هەموو بوارەکانی ژیاندا، هەروەها رەخساندنی کەشێکی کۆمەڵایەتیی دوور لە جیاکاریی و دەمارگیریی رەگەزی، کە تیایدا هەردوو رەگەز یەکسان بن لە بەشداریکردنی کارا لە بەرپرسیارێتی و سەرکردایەتی، بنیاتنان و پێگەیاندن لە گشت کایە سیاسی، کارگێڕی، ئابووری، کۆمەڵایەتی، کولتووری، زانستی، خزمەتگوزاریی و رێکخراوەییدا."