ژمارەیەک بەرپرسی ئەنجوومەنی شار و شارەوانیی کرماشان دەستبەسەرکران


رووداو دیجیتاڵ

هێزە ئەمنییەکان لە کرماشان، دوو ئەندامی ئەنجوومەنی شار و ژمارەیەک بەرپرسی شارەوانیی شارەکەیان دەستبەسەرکرد و بە گەندەڵی تۆمەتبار کراون. 
 
داواکاری گشتیی کرماشان رایگەیاند، دوو ئەندامی ئەنجوومەنی شاری کرماشان و سەرۆکێکی شارەوانیی ناوچەیەکی کرماشان، بەڕێوەبەرێک و دوو فەرمانبەری شارەوانیی ئەو شارە بە تۆمەتی گەندەڵی و وەرگرتنی بەرتیل دەستبەسەر کراون. هەروەها کەسێکی دیکەش کە کاری دروستکردنی باڵەخانە دەکات، لەگەڵیان دەستبەسەر کراوە.
 
حەمیدڕەزا کەریمی، داواکاری گشتیی کرماشان رۆژی چوارشەممە 15-10-2025 رایگەیاند، ئەو کەسانەی دەستبەسەر کراون بە گەندەڵی و خراپ بەکارهێنانی بەرپرسیارێتییان لە ئەنجوومەنی شار و شارەوانیی کرماشان و وەرگرتنی بەرتیل تۆمەتبار کراون. دەشڵێت،  ئەو کەسانە وەکو گرووپ کاریان کردووە و لە سەرچاوە گشتییەکان و پڕۆژەکانی شارەوانی پارەیەکی زۆریان بۆ خۆیان هەڵگرتووە.
 
کەریمی دەڵێت، پێنج لە دەستبەسەرکراوان لە گرتووخانە راگیراون و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت و دوو کەسیشیان بە کەفالەت ئازاد کراون تاوەکو کاتی دادگاییکردنیان.