یونسکۆ و کار گرووپ رێککەوتنێکیان بۆ نۆژەنکردنەوەی قەڵای هەولێر واژۆ کرد
رووداو دیجیتاڵ
گرێبەستێک لە نێوان کار گرووپ و رێکخراوی یونسکۆ بۆ نۆژەنکردنەوەی قەڵای هەولێر واژۆ کرا؛ بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت: "دەمانەوێت قەڵای هەولێر ببێتە شوێنێکی گەشتیاری."
شێخ باز بەرزنجی، بەڕێوەبەری کار گرووپ، کە سەرمایەدار و بازرگانێکی بەنێوبانگی هەرێمی کوردستان و ناوچەکەشە، ئەرکی نۆژەنکردنەوەی قەڵای هەولێری لە ئەستۆ گرتووە.
سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ ئاڵا شاڵی، پەیامنێری رووداو، باسی ئەو گرێبەستە دەکات، کە لەنێوان کار گرووپ و رێکخراوی یونسکۆ کراوە؛ سەفین دزەیی دەڵێت، لە 10 ساڵی رابردوودا کارێکی زۆر لە نۆژەنکردنەوەی قەڵای هەولێر کراوە، بەشێکی کارەکان ماون. دەشڵێت، دەمانەوێت قەڵای هەولێر ببێتە شوێنێکی گەشتیاری.
دەقی هەڤپەیڤینەکەی رووداو لەگەڵ سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان:
رووداو: کاک سەفین زۆر سوپاس کە لەگەڵماندایت.
سەفین دزەیی: سوپاس بۆ ئێوەش.
رووداو: کاک سەفین ئەمڕۆ رۆژێکی مێژوویی بوو، شێخ باز بەرزنجیش ئاماژەی بەو خاڵە دا؛ ئامادەبووانیش هەموو ئاماژەیان بەو خاڵە دا؛ لەو باوەڕەدان کە ئەم کۆبوونەوەی ئێرە و واژۆکردنی ئەم رێککەوتنە گوڕێکی دیکە بە نۆژەنکردنەوەی قەڵای هەولێر بدات؟
سەفین دزەیی: بێگومان؛ سەرەتا سوپاس و پێزانینمان بۆ بەڕێز شێخ باز، کە هەوڵی داوە هەمیشە پاڵپشتی حکومەت بێت بۆ ئەم جۆرە کارانە؛ بەتایبەت لە رووی بەرەوپێشبردنی کولتوور و ناوی کوردستان؛ سوپاسی دەکەین. ئەمڕۆ لە یونسکۆ بە مەبەستی واژۆکردنی گرێبەستێک لەنێوان کار گرووپ و یونسکۆ، بە مەبەستی پاڵپشتیکردنی هەنگاوەکانی داهاتووی نۆژەنکردنەوەی قەڵای هەولێر، لە پایتەختی هەرێمی کوردستان، بە گوێرەی پێوەرەکانی یونسکۆ؛ وەک دەزانن لە 10 ساڵی رابردوو کارێکی زۆر لە قەڵای هەولێر کراوە و بە هەندێک پێوەری تایبەت، چونکە قەڵای هەولێر و شوێنەوارە مێژووییەکان لە یونسکۆ تۆمارکراون؛ بۆیە دەبێت بە شێوازێکی تایبەت، ورد و هێمن کاری لەسەر بکرێت. بەدڵنیاییەوە هەنگاوەکانی داهاتوو سەبارەت بە نۆژەنکردنەوە کاریگەریی خۆیان دەبێت، هەم لە رووی پاراستنی ئەو شوێنە مێژووییە بە 8 هەزار ساڵ دەخەمڵێنرێت؛ هاوکات نەک تەنیا ببێتە شوێنێکی وەک مۆزەخانە، بەڵکو ببێتە شوێنێکی کە گەشتیار رابکێشێت. رۆژانە چایخانە و چێشتخانەی کلاسیکیی گونجاوی تێدا بکرێتەوە. هەوڵەکانمان بەو رێچکەیەیە؛ ئومێدەوارین وەکو حکومەتی هەرێمی کوردستان و کەرتی تایبەت هاوئاهەنگ بین.
رووداو: باشە کەواتە لەمڕۆوە نۆژەنکردنەوەی قەڵای هەولێر چووە قۆناخێکی دیکەوە؛ داوای ئێوە لە یونسکۆ بۆ نۆژەنکردنەوەی قەڵای هەولێر چییە؟ بەتەواوەتی و بەوردەکارییەوە؟
سەفین دزەیی: وردەکارییەکە ئەوەیە کە ئەو شوێنە مێژووییانە تەنیا موڵکی هەولێر، هەرێمی کوردستان و عێراق نییە؛ بەڵکوو موڵکی مرۆڤایەتییە؛ کە لێرە لە یونسکۆ تۆمارکراوە؛ بە پاراستنی لەسەر ئەو پێوەرانەی کە داڕیژراوە. بۆیە کارەکانیشی رەنگە هەندێجار بە هێواشی و لەسەرخۆ بڕوات؛ ئەگەرنا دەکرا رەنگە شتی دیکەی لێ دروست بکرێت و بە شێوازێکی دیکە ئاوەدان بکرێتەوە. بۆیە دەبێت زۆر بە وردی نۆژەن بکرێتەوە؛ نۆژەنکردنەوەکەشی بۆ ئەوەیە کە دووبارە ژیان بگەڕێتەوە قەڵا. هەشت هەزار ساڵە ژیانی تێدا بەردەوامە؛ بۆ ئەوەی ژیانی تێدا بەردەوام بێت، ئێستاش دوو خێزان تێیدا دەژین و بۆ ئەوەی ئەو زنجیرەی ژیان نەپچڕێت؛ هاوکات لە داهاتووش بتوانین شوێنێک بێت کە ئەکادیمی، زانستی و گەشتوگوزار بێت. خەڵکی بیانی هەناسەیەکی تێدا هەڵمژن و هاوکات لە رووی گەشتیارییەوە خەڵک بۆ خۆی رابکێشێت. ئەوە قۆناخی داهاتووە و قۆناخی دیکەیشمان دەبێت؛ چونکە ژمارەیەکی زۆر لە خانووەکان پێویستیان بە نۆژەنکردنەوە هەیە و لە کاتی خۆیدا جێبەجێ دەکرێت.
رووداو: بەڕێزتان ئاماژەتان بە خاڵێکی گرنگ دا و گوتتان وەکو کەرتی تایبەت پشتگیریی شێخ باز بەرزنجی گرنگە بۆ نۆژەنکردنەوەی قەڵای هەولێر، باشە ئێوە وەکو حکومەتی هەرێمی کوردستان داواتان لە کۆنسووڵخانەکان کردووە بۆ نۆژەنکردەوەی قەڵای هەولێر یان لە یونسکۆ و وڵاتانی دیکە؟
سەفین دزەیی: خۆی یونسکۆ راستەوخۆ ئەو پرۆژانە پارەدار ناکات، هەروەها هەموو رێکخراوەکانی سەر بە یو ئێن بەو یارمەتییانە دەبەستن کە وڵاتان پێیان دەبەخشن؛ بۆیە بەگوێرەی بودجەی ساڵانەیان دەرخستەی ئەو پرۆژانە دەکەن؛ ئەوەی حکومەت و کەرتی تایبەت کردیان کۆتایی هاتووە؛ بۆیە لەمەودوا بەپێویستی دەزانین و خۆشتان دۆخی دارایی هەرێمی کوردستان دەزانن، رەنگە لەم قۆناخە بۆ حکومەت ئاستەنگ بێت، هاوکات حکومەتی هەرێمی کوردستان بایەخ بەو کەرتە دەدات نەک تەنیا قەڵای هەولێر، بەڵکوو زۆر شوێنەواری دیکەش لە کوردستان هەیە، پێویستە ئاوڕی لێ بدرێتەوە؛ ئەمە لەگەڵ هەندێک لە کۆنسووڵگەرییەکان جێی سەرنج بووە وگفتوگۆی لەسەر کراوە، تائێستا نەگەیشتووینەتە ئاکامێک، بەڵام وەکو حکومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵی خۆمان دەدەین؛ نەک تەنیا لە دەرگەی کەرتی تایبەت بدەین، کە دەبێتە ئەرک و بارگرانی بۆ ئەوان، بەسوپاسەوە درێخییان نەکردووە تائێستا؛ بەڵام هەوڵدەدەین سەرچاوەی دیکەیش بۆ نۆژەنکردنەوە و پارەدارکردن بدۆزینەوە.
رووداو: کاک سەفین دوایین پرسیارم لە بەڕێتان ئەوەیە، نۆژەنکردنەوەی قەڵای هەولێر پێویستی بە بودجەیەکی زۆر هەیە؟ روانینی ئێوە بۆ قەڵای هەولێر لە داهاتوودا چییە؟
سەفین دزەیی: چونکە کارەکانی نۆژەنکردەوە زۆر ورد و لەسەرخۆیە، هەم لە رووی کات، هەم لە رووی شارەزایی و پسپۆڕییەوە، بەڵێ دەرخستەی زۆری دەوێت؛ بە دیاریکراوی نازانم چونکە لێکۆڵینەوەکە لەلایەن یونسکۆوە کراوە و کۆمیسیۆنی پاراستنی قەڵا لەلایان هەیە، بەڵام دەکرێ قۆناخ بە قۆناخ جێبەجێ بکرێت. گرنگییەکە ئەوەیە کە بتوانین ئەو شوێنەوارە بگەیێنینەوە ئەو ئاستەی کە لە رابردوو وەکو تەنیا ناوەندێکی ژیان لە هەولێر هەبووە؛ مێژووش پێمان پێشان دەدات کە لە سەردەمی ئەسکەندەری مەقدۆنی و پێشتریش شارستانییەتی جیا جیای تێدا هەبووە. وەک مێژوونووسان باسیان کردووە، ئەو قەڵایە شارستانی لەسەر شارستانی نهۆم نهۆم لەسەر یەکدی دروست بووە و گردێک نییە. توێژینەوە لە هەندێک شوێن کراوە بۆ ئەوەی بگەنە نهۆمی یەکەم، بەڵام بەداخەوە ئەمەش دەبیتە هۆی ئەوەی کە هەندێک شوێن لەدەست بدەین؛ بۆیە زۆر بەوردی ئیشی لەسەر دەکرێت و ببێتە ناوەندێک ئێمە و دنیای دەرەوە شانازی پێوە بکەن، هاوکات ژمارەی سەردانیکارانی زیاد ببێت. لە رووی مەعنەوی و ئابووریشەوە دەستکەوتێک بێت بۆ خەڵکی کوردستان.
رووداو: کاک سەفین دزەیی زۆر زۆر سوپاس بۆ ئەم چاوپێکەوتنە.
سەفین دزەیی: زۆر سپاس بۆ ئێوە.