چەند بڕیارێک لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە لەبارەی سولفە، داهات و دامەزراندن

 
رووداو دیجیتاڵ

کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆتاییهات و بەپێی زانیارییەکانی رووداو، "120 ملیار دینار لە داهاتی ناوخۆ دەدرێتە بەغدا."
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو لە کۆبوونەوەکەدا ئەم بڕیارانە دراون:
 
- راگرتنی خەرجییە ناپێویستەکان لە دامودەزگاکان.
- راگرتنی سولفە بۆ ئەو پڕۆژە بەردەوامەکان.
- راگرتنی لێخۆشبوون لە باج و گومرکەکان.
- راگرتنی هەموو جۆرە دامەزراندنێک تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ.
- مانگانە 48 ملیار دینار بۆ خەرجییەکانی حکومەت تەرخان دەکرێت.
- قەرزوەرگرتنەوە لە کۆمپانیاکان بە کاش دەبێت.
 
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 15ی تشرینی یەكەمی 2025 ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی کرد.
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی نێوەرۆکی کۆبوونەوەکە ئاماژەی بەوە کردبوو، دەرئەنجامی پێداچوونەوە و هەڵسەنگاندنی بارودۆخی دارایی هەرێمی کوردستان کە لە ماوەى پێشوودا ئەنجام درا، لەلایەن وەزارەتی دارایی و ئابووری، لەسەر راسپاردەى دوا کۆبوونەوەى ئەنجوومەنی وەزیران و بەدواداچوونی بۆ هەنگاوەکانی خەرجکردنی مووچەى مانگەکانی ساڵی 2025 دەخرێتەڕوو.