نێچیرڤان بارزانی جەخت لە چارەسەرکردنی کێشەکانی هەولێر-بەغدا لەسەر بنەمای دەستوور دەکاتەوە


رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەخت لە چارەسەرکردنی کێشەکانی هەولێر-بەغدا لەسەر بنەمای دەستوور دەکاتەوە و سەردانی سەرۆکوەزیران و وەزیری نەوتی عێراقیش بۆ هەولێر بە 'ئەرێنی" ناودەبات.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، 15-11-2023، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە هەولێر پێشوازی لە ئێریک شۆڤالیێ، باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق کرد. یەکێک لەو تەوەرانەی قسەیان لەبارەوە کردووە، پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بوو.
 
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی کۆبوونەوەکە دەڵێت، باسیان لە دوايين پێشهاته‌كانى پرۆسه‌ى سياسى له‌ عێراق، ده‌ستپێكردنه‌وه‌ى هەناردەکردنەوەی نه‌وتى هه‌رێمى كوردستان، په‌يوه‌ندييه‌كانى فه‌ره‌نسا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، دۆخى رۆژهه‌ڵاتى نێوه‌ڕاست و كاريگه‌رى و لێكه‌وته‌كانیشی کردووە. 
 
نێچیرڤان بارزانی به‌رده‌واميى گفتوگۆى هه‌ولێر ـ به‌غداى بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى نێوانيان و دوایین سه‌ردانى سه‌رۆكوه‌زيران و وه‌زيرى نه‌وتى عێراق بۆ هه‌ولێر، به‌ "ئه‌رێنى" له‌ قه‌ڵه‌م دا و جه‌ختى له‌ خواستى هه‌رێمى كوردستان بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان له‌گه‌ڵ حكومه‌تى عێراق له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور كرده‌وه‌.
 
لەبارەی دۆخى ئاڵۆزی رۆژهه‌ڵاتى نێوه‌ڕاستيش، بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، "هه‌ردوولا باسيان له‌ هه‌وڵه‌كانى رێگرى له‌ ته‌شه‌نه‌سه‌ندنى زياترى دۆخه‌كه‌ كرد و داكۆكييان له‌ گرنگيى پاراستنى ئارامى و سه‌قامگيريى عێراق كرده‌وه‌. له‌مباره‌يه‌وه‌ هاوڕا بوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى عێراق نه‌بێته‌ به‌شێكى ئاڵۆزييه‌كان و سه‌لامه‌تيى هێزه‌كانى هاوپه‌يمانان و ديپلۆماتكاران پارێزراو بێت."
 
وەکو لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "دوايين سه‌ردانى سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى بۆ پاريس و كۆبوونه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ سه‌رۆك ماكرۆن، په‌يوه‌ندييه‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ وڵاتانى دراوسێ و چه‌ند پرسێكى ديكه‌ى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، لايه‌نێكى ديكه‌ى ديداره‌كه‌ بوو."