دادگەیەکی فەرەنسا سزای پشیلەیەک دەدات
رووداو دیجیتاڵ
پشیلەیەکی سوور و زەنجەفیلییە و ناوی رێمییە، لە شاری ئاگد لە باشووری فەرەنسا دەژی. لە ماوەی رابردوودا رۆژانە چووەتە باخچەی ماڵی دراوسێیەکەیان و بێزاری کردوون. ئەوانیش سکاڵایان تۆمارکردووە و هەربۆیە دادگە بڕیاری دا کە دەبێ تاهەتایە لە ماڵەوە بمێنێتەوە.
سەرئێشەکە تووشی دۆمەنیک ڤاڵدێسی خاوەنی بووە، "سەرەتا دادگە فەرمانی کرد 1250 یۆرۆ بدەم کە 450 یۆرۆ بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانی ماڵی دراوسێکەمان بوو و 800 یۆرۆش سزای یاسایی بوو."
خاوەن ماڵی دراوسیێ رێمی گوتوویەتی، پشیلەکە ناهێڵێت چێژ لە باخچەکەی وەربگرێ، گوڵ و چیمەنەکە تێکدەدات و باڵندەکانیش دەترسێنێت.
کازرین تێسەر، دراوسێیەکی دیکەی ماڵی دۆمەنیکە، ئەو دەڵێت: "بەڕاستی شۆکهێنەر و بێمانایە. چەندین پشیلە دێن و دەڕۆن. نازانم بۆچی سەرنجەکە هەر لەسەر رێمییە."
ئاژەڵدۆستان نیگەرانن کە بڕیارەکە ببێتە پێشینەیەکی مەترسیدار و رێگە بۆ سنووردارکردنی ئاژەڵە ماڵییەکان خۆش بکات.
خاوەنی رێمی دەڵێ، 2050 یۆرۆی لە دادگە بە دراوسێکەی دۆڕاندووە و هێشتا لە سکاڵاکەشی پەشیمان نەبووەتەوە. رێمیی پشیلەش هەر لە ماڵەوەیە.