بارانبارین دەگۆڕێت بۆ 'لێزمەباران'؛ لە کوێ پەڵە دەدات و زۆرترین بڕ لە کوێ باریوە؟

 
رووداو دیجیتاڵ

کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ و سبەی بارانبارین بەردەوام دەبێت. بەگوێرەی ئامارە بڵاوکراوەکان، زۆرترین بڕی باران تاوەکو پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە قەزای چەمچەماڵ باریوە لە سنووری پارێزگای سلێمانی. کەشناسێکیش دەڵێت، "پێشبینی دەکەین لە زۆرینەی ناوچەکان پەڵە بدات."
 
لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممەوە بارانبارین زۆرینەی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە. کەشناسیی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، "ئەمڕۆ لە زۆربەی ناوچەکان بارانی لەسەرخۆ و مامناوەند دەبارێت؛ خێرایی با چالاک دەبێت و لەدوای نیوەڕۆوە لە هەندێک شوێن لێزمەباران دەبارێت و هەورە برووسکەی لەگەڵدا دەبێت."
 
کەشناسیی هەرێمی کوردستان پێشبینی دەکات، هەر ئەمڕۆ لە ناوچە شاخاوییەکانی هەرێمی کوردستان "بەفرێکی کەم" ببارێت.
 
لەبارەی کەشوهەوای سبەینێوە، کەشناسی ئاماژەی بەوە کردووە، "لە زۆربەی ناوچەکان بارانی لەسەرخۆ و مامناوەند دەبارێت و لە هەندێک کات و شوێنی جیادا بارانی بەلێزمە و هەورە برووسکە دەبێت."
 
کەشناسێک: ئەمە بارانی پەڵەیە
 
شاڵاو هیدایەت، شارەزای کەشناسی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بارانەکە زۆر باش و لەسەرخۆیە، پێشبینی دەکەین لە ناوچە شاخاوییەکان و نیمچە شاخاوییەکان لەم دوو رۆژەدا پەڵە بدات و جووتیاران بتوانن زەوییەکانیان بکێڵن."
 
بەگوێرەی پێشبینییەکانی ئەو کەشناسە، "لەم بارانەدا تەنیا دەشتی هەولێر، قەراج و کەندێناوای سنووری هەولێر، هەروەها ئیدارەی گەرمیان و بەشێکی کەرکووک پێناچێت بەم شەپۆلەی بارانبارین پەڵە بدات."
 
شاڵاو هیدایەت ئاماژەی بە کۆتایی ئەم شەپۆلەی بارانبارین کرد و گوتی، "دووشەممە لاواز دەبێت و کاریگەریی لەسەر چەند ناوچەیەک بە کەمی دەمێنێت، سێشەممە کەشەکە سەقامگیر دەبێتەوە."
 
لەبارەی شەپۆلی داهاتووی بارانەوە، ئەو شارەزایەی کەشوهەوا گوتی، "بۆ کۆتایی ئەم مانگە شەپۆلێکی دیکەی بارانبارین دەرکەوتووە، بەڵام چونکە کاتەکە زۆری ماوە، ئەگەری گۆڕانکاری هەیە و ناتوانرێت دڵنیایی لەسەر بدرێت. بەگشتی دۆخی ئەم پاییزە باشتر دەبێت لە پاییزی پار."
 
ئاماری بارانبارینی چەند کاژێرێکی ئەمڕۆ:
 
جەوهەر حەمەلاو، بەڕێوەبەری کەشناسیی سلێمانی ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "تاوەکو پێش نیوەڕۆ 11.9 ملـلیمەتر باران لە سنوورەکەمان باریوە."
 
بەگوێرەی ئاماری کەشناسیی سلێمانی بۆ رووداو، لە ناحیەی تەکیە لە قەزای چەمچەماڵ 31 ملـلیمەتر باران باریوە، لە یاخسەمەر 24 ملـلیمەتر، لە سیتەک 12 ملـلیمەتر و لە قەزای قەرەداغ لە هەمان پارێزگا 14 ملـلیمەتر باران باریوە.
 
بەگوێرەی ئامارەکان، لە کەلار 3.2 ملـلیمەتر، لە خانەقین 0.9 ملـلیمەتر، مەیدان 0.4 ملـلیمەتر و لە ناحیەی شوان 13.8 ملـلیمەتر باران باریوە. کەشناسیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "زۆرترین باران لە چەمچەماڵ باریوە کە 35 ملـلیمەترە."
 
بارانبارین لە سنووری دهۆک بەردەوامە، بەگوێرەی راگەیێندراوی کشتوکاڵی پارێزگاکە، لە دهۆک تاوەکو پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە 7 ملـلیمەتر باران باریوە.
 
لە سنووری ناوچەکانی دیکەی پارێزگای دهۆک رێژەی بارانبارین بەم شێوەیە بووە:
 
سێمێل، 4.5 ملـلیمەتر، شیلادزێ 18.5 ملـلیمەتر، ئامێدی 28 ملـلیمەتر، ئاکرێ 12 ملـلیمەتر، قەسرۆک 7.5 ملـلیمەتر، بەردەڕەش 7.8 ملـلیمەتر، دینارتە 20.8 ملـلیمەتر، زاویتە 15.5 ملـلیمەتر، مانگێش 15 ملـلیمەتر، ئەترووش 12 ملـلیمەتر، حوسێنیە 8 ملـلیمەتر، ئەلقوش 4.5 ملـلیمەتر، فایدە 4.5 ملـلیمەتر، شێخان 6.5 ملـلیمەتر، باعەدرێ 12 ملـلیمەتر، کانی ماسێ 21 ملـلیمەتر، چەمانکێ 24 ملـلیمەتر، بامەڕنێ 18.5 ملـلیمەتر، دێرەلووک 22 ملـلیمەتر، گردەسێن 2.1 ملـلیمەتر و بجیل 16.5 ملـلیمەتر.
 
کەشناسیی هەرێمی کوردستان ئاماری بارانبارینی پارێزگاکانی باشووری کوردستانی بەبێ هەڵەبجە بڵاوکردەوە، لەنێویدا رێژەی بارانبارین لە پارێزگای هەولێر بەم شێوەیە بووە:
 
هەولێر 9.3 ملـلیمەتر، پیرمام 16.2 ملـلیمەتر، سۆران 9.4 ملـلیمەتر، هیران 9.4 ملـلیمەتر، خەبات 7.6 ملـلیمەتر، شەقڵاوە 9.5 ملـلیمەتر، بارزان 4 ملـلیمەتر، رواندز 14.1 ملـلیمەتر، مێرگەسۆر، 28.5 ملـلیمەتر، سیدەکان 8 ملـلیمەتر، دیبەگە 14 ملـلیمەتر، چۆمان 14 ملـلیمەتر، خەلیفان 10 ملـلیمەتر.
 
هەروەها بەگوێرەی ئاماری کەشناسی عێراق، لە شاری کەرکووک 9.8 ملـلیمەتر باران باریوە، لە گەڕەکی رەحیماوای شارەکە 13.3 ملـلیمەتر و لە فڕۆکەخانەی کەرکووک 12.2 ملـلیمەتر باران باریوە. هەروەها لە خوورماتوو 17،4 ملـلیمەتر، بێجی 0.4 ملـلیمەتر، موسڵ 7.8 ملـلیمەتر، زومار 2.4 ملـلیمەتر باران باریوە.
 
هاوشێوەی ناوچەکانی دیکە، لە ئیدارەی راپەڕین بارانبارین بەردەوامە، بەگوێرەی ئاماری سنوورەکە، لە رانیە 23.3 ملـلیمەتر، لە قەڵادزێ 22 ملـلیمەتر، حاجیاوا 20.5 ملـلیمەتر، چوارقوڕنە 19.2 ملـلیمەتر، سەنگەسەر 17 ملـلیمەتر، ژاراوە 14.5 ملـلیمەتر و لە سەرکەپکان 17 ملـلیمەتر باران باریوە.
 
پێشبینییەکان بۆ کەشوهەوای سبەی یەکشەممە بەم شێوەیە:
 
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، پلەی گەرما سبەی لە باشووری کوردستان بەم شێوەیە دەبێت:
 
هەولێر؛ 20 پلەی سیلیزی
سلێمانی؛ 19 پلەی سیلیزی
دهۆک؛ 18 پلەی سیلیزی
زاخۆ؛ 19 پلەی سیلیزی
کەرکووک؛ 21 پلەی سیلیزی 
هەڵەبجە؛ 20 پلەی سیلیزی
سۆران؛ 17 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران؛ 7 پلەی سیلیزی
گەرمیان؛ 22 پلەی سیلیزی