سەوزکردنی شۆستەیەکی کەرکووک بە چیمەنی دەستکرد کاردانەوەی لێدەکەوێتەوە
رووداو - کەرکووک
سەوزکردنی شۆستەیەکی شاری کەرکووک بە چیمەنی دەستکرد کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا، بەشێوەیەک بەشێک لە دانیشتووانی شارەکە بە گاڵتەجاڕییەوە باسی دەکەن.
شۆستەکە دەکەوێتە سەر پردی سێ، نزیک نەخۆشخانەی منداڵان، لەلایەن تیمێکی سەربە پارێزگاوە لەبری سەوزایی سرووشتی چیمەنی دەستکردیان لەسەری جێبەجێکردووە، لەپەنای ئەو چیمەنە دەستکردەیشەوە دەیان رووەکی جوانی سرووشتی گرانبەها و دەگمەن گەڵاکانیان ئاژەڵ خواردوونی و لەبەر خزمەتنەکردن سیسبوونەتەوە.
خەڵکی کەرکووک بە گاڵتەجاڕییەوە لەم پڕۆژەیە دەڕووانن، محەممەد عەبدلواحید، خوێندکاری قۆناخی ئامادەییە و دەڵێت "ئەمە گاڵتەجاڕییە بە خەڵک، کەرکووک بەو هەموو نەوتەوە شایەنی ئەمەیە؟ ئەمە گاڵتەپێکردنە بە خەڵک".
ئۆژین جۆڵا، چالاکڤانی مەدەنی لەبارەی چیمەنە دەستکردەکەوە گوتی "ئەو فۆتۆیانەی راگەیاندنی پارێزگار بڵاویکردوونەتەوە جوانە، بەڵام پێدەچێ فۆتۆشۆپ کرابێ یان فلتەری لێدرابێ تاوەکو جوانتربێ، ئەگینا لەنزیکەوە وانییە، رەنگە پارێزگار لەڕووی داراییەوە بیریکردبێتەوە، چونکە نەمام چاندن خەرجی و ئاودانی دەوێت".
کاسبکارێک باسی لەوە کرد، لە شەتڵگەکان نرخی هەر مەترێک لە چیمەنە دەستکردەکە پانزە بۆ 25 هەزار دینارە کە خەڵک بۆ پێش دەرگا و ئەو شوێنانە دەیبەن کە تیشکی خۆری بەرناکەوێت.
شارەوانیی کەرکووک رەتیان کردەوە ئەو پرۆژەیە کاری ئەوان بێ و رایانگەیاند، پەیوەندیی بە پارێزگاوە هەیە. فەرمانگەی ژینگەش وێڕای نیگەرانییان لە کەمی رێژەی سەوزایی، بودجەیان نییە رێژەکە زیادبکەن، ئەو چیمەنە دەستکردەش بە زیان بۆسەر ژینگەی شارەکە دەزانن.