هاونیشتمانییەک لە نۆکەندی ئینگلیز گیانی لەدەستدا

رووداو دیجیتاڵ
 
بەهۆی ژێرئاوکەتنی بەلەمێکی کۆچبەرانەوە لە نۆکەندی ئینگلیز، هاونیشتمانییەک گیانی لەدەستدا و تەرمەکەی براوەتە دادپزیشکی شارێکی فەڕەنسا.
 
شەوی پێنجشەممە بەلەمێکی کۆچبەران لە نۆکەندنی ئینگلیز لە نێوان فەڕەسا و بەریتانیا ژێر ئاوکەوت، ئەوەی پشتڕاستکراوەتەوە تاوەکو ئێستا گیانلەدەستدانی هاونیشتمانییەکە بەناوی راوێژ شێخ رەئووف.
 
شەوی هەینی 15-12-2023، شاسوار عەبدوڵڵا، زاوای راوێژ شێخ رەئووف کە بەهۆی ژێرئاوکەتنی بەلەمەکەوە گیانی لەدەستداوە و بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "راوێژ نزیکەی دوو مانگە لە فەڕەنسایە؛ پێشتر سێ جار هەوڵی دابوو خۆی بگەیێنێتە بەریتانیا، تاوەکو دوێنێ شەو بەڕێکەوتووە و بەهۆی کونبوونی بەلەمەکەیانەوە تووشی رووداو بوون و ئەویش گیانی لەدەستداوە".
 
شاسوار عەبدوڵڵا گوتی، تاوەکو کاژێر 08:00ـی شەوی شەممە دڵنیا نەبوون لە گیانلەدەستدانی راوێژ شێخ رەئووف، دوای ئەو کاتە لەلایەن دوو خزمی دیکەیانەوە کە لەگەڵ راوێژ بوون لەو گەشتەدا و ئەوان رزگاریان بووە دڵنیا کراونەتەوە کە ئەوەی گیانی لەدەستداوە راوێژە.
 
تەرمی راوێژ لە دادپزیشکیی یەکێک لە شارەکانی فەڕەنسایە؛ شاسوار عەبدوڵڵا گوتی، ئەو کەسانەی لەگەڵیدابوون دەڵێن ئەو شەوەی پێش ئەوەی بچنە نێو بەلەمەکەوە راوێژ نەخۆش کەوتووە و گورچیلەکانی ئازاریان هەبووە. گوتیشی، "ئێستا سەرقاڵی ئەوەین بزانین چۆن دەتوانین تەرمەکە لە فەڕەنساوە بهێنینەوە هەرێمی کوردستان".
 
راوێژ شێخ رەئووف لەدایکبووی ساڵی 2002ـە و تاوەکو پێش گەشتەکەی لە ناحیەی حاجیاوا لە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین ژیاوە.