دەنگدانی تایبەت دەستیپێکرد؛ بەربژێرانی یەکێتی و پارتی پێشبینی دەکەن لە کەرکووک نۆ کورسی ببەنەوە


رووداو دیجیتاڵ 

دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی 15 پارێزگای عێراق لە 18 پارێزگای عێراق و هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد؛ کورد لە تەواوی ناوچە دابڕێنراوەکان بەشدارە؛ کەرکووک 15 کورسی ئەنجوومەنی پارێزگای هەیە. بەربژێرێکی یەکێتی لەو پارێزگایە دەڵێت، پێنج کورسی بەدەست دەهێنن. بەربژێرێکی پارتیش دەڵێت، لە کەرکووک چوار کورسی بەدەستدەهێنن. 
 
زیاتر لە 48 هەزار ئاوارە لە هەرێمی کوردستان مافی دەنگدانیان هەیە
 
ئەمڕۆ شەممە 16-12-2023 کاژێر 07:00ـی بەیانی، لە 18 پارێزگاکەی عێراق و 3 پارێزگای هەرێمی کوردستان دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای 15 پارێزگای عێراق دەستیپێکرد؛ تێیدا ملیۆنێک و 2 هەزار و 393 کەس مافی دەنگدانیان هەیە کە لە 565 بنکە دەنگ دەدەن و ئەو بنکانەش 2367 وێستگەی دەنگدان لەخۆدەگرن.
 
لەو ژمارەیە 48 هەزار و 260 کەس ئاوارەن و مافی دەنگدانیان هەیە کە لە هەرێمی کوردستاندا دەژین.
 
کورد لە پارێزگاکانی کەرکووک، نەینەوا، دیالە، سەلاحەدین و بەغدا بە لیست و بەربژێری جیا بەشدارە، بەڵام چڕی هەڵمەتی هەڵبژاردن و ئامادەکارییەکانی کورد لە پارێزگای کەرکووکە و دواتر نەینەوا؛ کەرکووک 15 کورسی هەیە؛ بەهێزترین بەربژێرانی کوردستان بەربژێرەکانی یەکێتی، پارتی و نەوەی نوێن.
 
 
بەربژێرێکی یەکێتی: لانیکەم پێنج کورسی دەبەینەوە
 
محەممەد ئەمین، بەربژێری ژمارە 13ـی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە لیستی 'کەرکووک هێز و ئیرادەمانە'، ئەمڕۆ شەممە 16-12-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "پەرۆشیی خەڵک بۆ دەنگدان لە جاران زیاترە و هەستێکی بەرزی نیشتمانی هەیە؛ خەڵک لە گرنگیی ئەنجوومەن تێگەیشتوون؛ تێگەیشتوون لەو ستەمەی ئیدارەی کەرکووک لە کوردی کردووە و دەیکات، بەتایبەت لە داگیرکردنی زەوی جووتیاران؛ جیاوازی لە خزمەتگوزاری و دامەزراندن و زۆری بابەتی دیکە." 
 
لەبارەی پێشبینی حیزبەکەیانەوە بۆ بردنەوەی کورسییەکان، ئەو بەربژێرەی یەکێتی گوتی، "پێمان وایە لانیکەم پێنج کورسی بەدەستدەهێنین و شەڕی کورسی شەشەم دەکەین، کە ئەوەیان زیاتر پەیوەستە بە رێژەی بەشداریکردنی خەڵکەوە." 
 
بەربژێرێکی پارتی: چوار کورسی بەدەستدەهێنین
 
ئەسما حەسەن، بەربژێری ژمارەی 4ـی لیستی پارتی دیموکراتی کوردستانیش بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا خەڵک پێشوازیی گەرمیان لێکردین و دڵخۆشبوون کە پارتی بە فەرمی گەڕاوەتەوە کەرکووک." 
 
ئەو بەربژێرەی پارتی ئاماژەی بەوەکرد، پێشبینی دەکەن زیاتر لە چوار کورسی بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بەدەست بهێنن.

 

 
"ئەو پارێزگایانەی زۆرترین دەنگدەری کوردیان تێدایە"
 
پارێزگای نەینەوا 99 هەزار و 726 دەنگدەری تایبەتی هەیە؛ لە کەرکووک 57 هەزار و 330 دەنگدەری تایبەت هەن؛ لە دیالە 57 هەزار و 404 دەنگدەری تایبەت و لە سەلاحەدینیش 67 هەزار و 393 دەنگدەری تایبەت هەن؛ ئەمانە ئەو پارێزگایانەن زۆرترین دەنگدەری کوردیان تێدایە.
 
لە دەنگدانی تایبەتدا 48 هەزار و 260 کەس ئاوارەن و مافی دەنگدانیان هەیە کە لە هەرێمی کوردستاندا دەژین و بەگوێرەی پارێزگاکان بەمشێوەیەن: 
 
- پارێزگای دهۆک؛ 39 هەزار و 422 دەنگدەر
- پارێزگای هەولێر؛ 5 هەزار و 23 دەنگدەر
- پارێزگای سلێمانی؛ 3 هەزار و 815 دەنگدەر
 
لە دەنگدانی تایبەتدا کە ملیۆنێک و 2 هەزار و 393 دەنگدەر مافی دەنگدانیان هەیە، پارێزگای بەغدا یەکەمە لەسەر ئاستی عێراق لە رووی زۆری ژمارەی دەنگدەرانی تایبەتەوە کە 309 هەزار و 119 دەنگدەرن؛ دواتر پارێزگای ئەنبار لە پلەی دووەمدا دێت کە 104 هەزار و 498 دەنگدەری هەیە.
 
"3789 نوێنەری رێکخراوە مەدەنییەکان چاودێریی هەڵبژاردنەکە دەکەن"
 
هاوپەیمانیی تۆڕەکان و رێکخراوەکانی نیشتمانی بۆ چاودێریکردنی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق راگەیێندراوێکی لەبارەی چاودێریکردنی هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە رێگەی 3 هەزار و 789 چاودێرەوە هەڵسەنگاندن بۆ رەوشی بەڕێوەچوونی پرۆسەکە دەکەن. 
 
"هاوپەیمانیی تۆڕەکان و رێکخراوەکانی نیشتمانی" لەلایەن ژمارەیەک رێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنییەوە پێکهێندراوە. هۆگر چەتۆ، سەرۆكی تۆڕی چاودێریی شەمس کە یەکێک لەو رێکخراوانەیە لە هاوپەیمانییەکەدا بەشدارن ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لەگەڵ رێکخراوەکانی دیکەدا ژوورێکی ئۆپەراسیۆنی هاوبەشیان پێکهێناوە و چاودێریی هەڵبژاردنەکە لە دەنگدانی تایبەت و دەنگدانی گشتیدا دەکەن.
 
هۆگر چەتۆ گوتیشی، لە هەرێمی کوردستانیش لە هەموو پارێزگاکان کە دەنگدانی تایبەتیان تێدا دەدرێت و ئاوارەکان بەشداری دەکەن، ئەوان لە رێگەی نوێنەرەکانیانەوە چاودێریی پڕۆسەکە دەکەن.
 
 
هاوپەیمانییەکە لە رێگەی 3 هەزار و 789 چاودێرەوە رووماڵی 40٪ی هەڵبژاردنەکان لە ناوەندەکانی دەنگدان دەکەن. هۆگر چەتۆ ئاماژەی بەوەکرد، هاوپەیمانییەکە رۆژی 17ـی مانگ راپۆرتێک، رۆژی 18ی مانگ چوار راپۆرت و رۆژی 19ی مانگیش راپۆرتێک بڵاودەکەنەوە و هەڵسەنگاندنی تایبەتی خۆیان لە سەرجەم بوارەکاندا دەخەنەڕوو.
 
بۆ هەڵبژاردنی گشتیی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق کە 18ـی ئەم مانگە بەڕێوەدەچێت، 16 ملیۆن و 158 هەزار و 788 کەس مافی دەنگدانیان هەیە.