دوای دوو مانگ لە بڕیاری کشانەوە؛ هیچ بەرپرسێکی گۆڕان دەستبەرداری پۆستەکەی بووە؟

رووداو دیجیتاڵ
 
دوای زیاتر لە دوو مانگ لە بڕیاری رێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ کشانەوەیان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی خۆجێیی، بەگوێرەی بەدواداچوونێکی رووداو، تەواوی ئەوانەی لەسەر پشکی حیزبەکە پۆستیان وەرگرتووە بەردەوامن لە کارەکانیان.
 
10-10-2024، دانا ئەحمەد مەجید، رێکخەرى گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا کشانەوەی حیزبەکەی لە هەردوو حکومەتى هەرێمى کوردستان و حکومەتى خۆجێیی لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە راگەیاند.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 15-12-2024 بەرپرسێک لە حکومەتی خۆجێی پارێزگای سلێمانی کە لە پشکی بزووتنەوەی گۆڕان پۆستی وەرگرتووە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئێمە بە فەرمانی وەزاری پۆستمان وەرگرتووە، هەر کاتێک فەرمانی وەزاریمان بۆ بێت و کەسێک لە جێگەمان دابنرێت، ئامادەین پابەندی بڕیاری بزووتنەوەکان بین".
 
رووداو لەگەڵ دوو بەرپرسی دیکەی بزووتنەوەی گۆڕان قسەی کرد، ئەوان دەڵێن، "بۆ ئەوەی بۆشاریی کارگێڕی (ئیداریی) دروست نەبێت، تاوەکو ئەمڕۆ هیچ بەرپرسێکی حکومەتی خۆجێی لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە دەستبەرداری کارەکەیان نەبوون، چونکە کەس بۆ جێگەیان دیاری نەکراوە".
 
بزووتنەوەی گۆڕان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان چوار وەزارەتی هەیە. سێ وەزیریان بڕیاریان داوە لە حکومەت بکشێنەوە؛ وەزیرێکیشیان بڕیاری داوە بمێنێتەوە.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، هاوشێوەی بەرپرسانیان لە حکومەتی خۆجێیی، تاوەکو ئەمڕۆ تەواوی وەزیرەکانی بزووتنەوەکە بەردەوامن لە کارەکانیان.
 
11-10-2024 کوێستان محەممەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان کە پابەندبوونی بە بڕیاری رێکخەری بزووتنەوەکەیەوە دەربڕیوە، بە رووداوی گوت، "ئێمە بە فەرمی دەستلەکارکێشانەوەمان پێشکێشی بەڕێز سەرۆکی حکومەت کردووە و داواکارییەکە لە بەردەستی ئەودایە؛ ئەویش بە فەرمی وەڵامی نەداوینەتەوە".
 
ئەو بەرپرسانەی گۆڕان ئامادەییان دەربڕیوە دەستلەکاربکێشنەوە
 
جگە لە جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، وەزارەتەکانی دارایی و ئابووری، کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، ئاوەدانکردنەوە، پیشەسازیی و بازرگانی بە دەست بزووتنەوەی گۆڕانەوەن.
 
جگە لە کوێستان محەممەد، هەریەکە لە کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازیی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئاواتی شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری بڕیاری دەستلەکارکێشانەوەیان داوە.
 
تەنیا وەزیری بزووتنەوەکە کە ئامادە نەبوو لە پۆستەکەی بکشێتەوە، دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنە و بۆ ئەوەش لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "دیاریکردنی دانا ئەحمەد مەجید وەک رێکخەری گشتیی بزووتنەوەکە، وەکالەتێکی نایاسایی و نادەستوورییە، بۆیە پابەندی بڕیارەکە نابم".
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، هەریەکە لە چالاكی موهەندیس، بریكاری وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار؛ بەهرۆز عەلی، راوێژكاری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان؛ بەهرە محەممەد مەحموود، راوێژكار لە سەرۆكایەتیی هەرێمی کوردستان و شەیما جەمال، راوێژكار لە وەزارەتی كشتوكاڵ و ئاودێری لە پشکی بزووتنەوەی گۆڕان بڕیاری دەستلەکارکێشانەوەیان داوە.
  
بەگوێرەی بڕیاری رێکخەری بزووتنەوەی گۆڕان بێ، دەبێت بزووتنەوەکە لە حکومەتی خۆجێیی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە بکشێتەوە.