باوکی ئاڤێستا: لەکاتی عومرەکردندا نزامان کرد و خودا تەرمی کچەکەمی دایەوە
رووداو دیجیتاڵ
باوکی ئاڤێستا دەڵێت، تەرمی کچەکەی لە بارزان بە خاک دەسپێردرێ؛ ئاماژە بەوەش دەکات، لەکاتی عومرەکردندا نزای زۆریان کردووە بۆ ئەوەی تەرمی کچەکەی بدۆزرێتەوە ''و خودای گەورە تەرمەکەی داینەوە.''
ئەمڕۆ دووشەممە 15-12-2025، تەرمی مامۆستا ئاڤێستا دوای پشکنینی پێویست لەلایەن دادپزیشکیی هەولێرەوە، رادەستی کەسوکارەکەی کرایەوە. یوسف بەرزنجی، باوکی ئاڤێستا لە مزگەوتی سامی گەردی قسەی بۆ فەرهاد دۆڵەمەڕی، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو کرد و رایگەیاند، تەرمی کچەکەی لە بارزان بە خاک دەسپێردرێت.
یوسف بەرزنجی ئاماژەی بەوە کرد، ''لەگەڵم ماندوو بوون و ئەو دەڤەرە خۆشەویستەم هیچ کات جێناهێڵم، تاوەکو دەمرم خۆم و ماڵ و منداڵ و کەسوکارم لەگەڵی دەبین.''
تەرمەکە دوای زیاتر لە هەشت مانگ لە زێی گەورەدا دۆزرایەوە. باوکی ئاڤێستا دەڵێت، ''هەموومان تامەزرۆی ئەوە بووین و ئومێدمان دەکرد رۆژێک بەم شێوەیە تەرمەکەی بدۆزینەوە و نزامان دەکرد.''