ئاسایشی گشتی - هەولێر: ئەوەی روویدا هەڵە تێگەیشتن بووە و دۆخی بازگەکان ئاسایی بووەتەوە

رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایش- هەولێر رایگەیاند، لە بازگەیەکی سنووری کۆیە رێگری لە چەند بەرپرسێکی پارتی دیموکراتی کوردستان و پاسەوانەکانیان کراوە بەرەو سلێمانی بچن، بەوهۆیەوە هاتووچۆ لە بازگەکان سنووردارکرا، راشیگەیاند، رێگرییەکە بەهۆی هەڵەتێگەیشتن بووە و کێشەکە چارەسەر کراوە.
 
ڕۆژی دووشەممە 15ـی کانوونی یەکەمی 2025، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایش-هەولێر لە راگەیێندراوێکدا بڵاوی کردەوە، "سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە، لە بازگەی سنووری کۆیە لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی سەر بەو بازگەیەوە، رێگری لە چەند بەرپرسێکی پارتی و پاسەوانەکانیان کرا کە بەرەو سلێمانی بچن و پێیانگوترا کە بەبێ هاوئاهەنگیی پێشوەختە ناتوانن بچنە سنووری سلێمانی."
 
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایش - هەولێر رایگەیاند، ئەم کارە جێگەی سەرسوڕمان بووە و رایگەیاندووە: "هاتووچۆ بۆ هاووڵاتییان لە سەرتاسەری هەرێم ئازادە و هەموو پاسەوانەکانیش مۆڵەتی چەک هەڵگرتنیان هەیە."
 
وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، بەهۆی ئەو کردارەوە رێکارەکان لە بازگەکان تووند کران و هاتووچۆ سنووردار کرا، "بەڵام دوای ئەوەی روونکردنەوە درا کە ئەوەی روویداوە هەڵەیەک بووە و بە مەبەست نەبووە، دۆخی بازگەکان ئاسایی بووەوە."
 
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایش - هەولێر داوا دەکات ئەم رووداوانە دووبارە نەبنەوە و "لێپێچینەوەش لەگەڵ ئەو کەسانە بکرێت کە ئەو دۆخەیان دروست کرد."
 
ئەمڕۆ لوقمان وەردی، ئەندامی سەرکردایەتی و بەرپرسی مەڵبەندی راپەڕینی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەمڕۆ لە رێگەی چوونم بۆ هەولێر، لە بازگەی سماقوڵی رێگەیان نەدا داخل بە هەولێر ببم و گەڕاندیانمەوە."
 
لوقمان وەردی، گوتی، "لە بازگەکە، ئەفسەرێک بەڕێزەوە هات و پێیگوتم، فەرمان کراوە رێگە بە چوونە هەولێرت نەدەین."