تاقیکردنەوەی وەرزی یەکەم دەستیپێکرد و زیاتر لە 54 هەزار قوتابی بەشدار نەبوون
رووداو دیجیتاڵ
تاقیکردنەوەی وەرزی یەکەم بۆ ساڵی خوێندنی 2025-2026 دەستیپێکرد. گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردە رایگەیاند، زیاتر لە 54 هەزار قوتابی لە چەمچەماڵ بەشدارییان نەکرد.
رۆژی دووشەممە، 15ـی کانوونی یەکەمی 2025، سامان سیوەیلی، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەمڕۆ تاقیکردنەوەی وەرزی یەکەم بۆ ساڵی خوێندنی 2025-2026 لە هەموو هەرێمی کوردستان بەپێی ساڵنامەی خوێندن دەستیپێکرد."
بە گوتەی سامان سیوەیلی، هەموو ئامادەکارییەکان زۆر بەباشی کرابوون و یەکەم تاقیکردنەوە بە باشی بەڕێوەچوو.
ئەم ساڵ ملیۆنێک و 965 هەزار قوتابی لە قوتابخانە تایبەت و حکومییەکان دەخوێنن. گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردە رایگەیاند، "ملیۆنێک و 248 هەزار و 216 قوتابی لە پۆلی 4ـی بنەڕەتییەوە تاوەکو 12ـی ئامادەیی تاقیکردنەوەیان کرد."
سەبارەت بە پۆلەکانی 1، 2 و 3ـی سەرەتایی، سامان سیوەیلی، باسی لەوە کرد: "ئەوان تاقیکردنەوە ناکەن، بەڵکو لە 21 تاوەکو 23ـی کانوونی یەکەم هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکرێت، کە ژمارەیان 426 هەزار و 687 قوتابییە."
ساڵی رابردوو لە 4ـی کانوونی دووەمی 2025 تاقیکردنەوەکانی وەرزی یەکەم دەستیپێکرد. گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردە گوتی، "ئەم ساڵ 15ـی کانوونی یەکەم دەستیپێکرد. لە بەرژەوەندیی قوتابییان زووتر تاقیکردنەوەکان دەستیانپێکرد؛ تاوەکو 24ـی ئەم مانگە بەردەوام دەبن."
دوای لافاوەکەی رۆژی سێشەممە، 9ـی کانوونی یەکەم، کە زیانێکی زۆری بە بەشێک لە قوتابخانەکان، ماڵ و دووکانی سنووری چەمچەماڵ و ناحیەکانی دەوروبەری گەیاند، دەوام لە قوتابخانەکانی ئەو ناوچەیە راگیرا.
سامان سیوەیلی رایگەیاند، "54 هەزار و 678 قوتابیی چەمچەماڵ لە پۆلی یەکەوە تاوەکو 12ـی ئامادەیی لە خوێندن دابڕاون و ئەمڕۆ بەشداریی تاقیکردنەوەکانیان نەکرد، بەڵام لە 11ـی کانوونی دووەم تاقیکردنەوەی وەرزی یەکەم بۆ قوتابییانی ئەو سنوورە دەستپێدەکات."
نزیکەی هەفتەیەکە دەوام لە قوتابخانەکانی چەمچەماڵ راگیراوە و تاوەکو 4ـی شوبات بەردەوام دەبێت.
ساڵانە لە هەرێمی کوردستان نزیکەی ملیۆنێک و 800 هەزار قوتابی لە زیاتر لە 7 هەزار قوتابخانە دەخوێنن، کە 57٪ـی قوتابخانەکان لە هەولێر و دهۆک و 43٪ـیان لە سلێمانی و هەڵەبجەن.