بێئاوی و رێگرییەکانی حکومەت، گوندە کوردییەکانی قەراجی چۆڵ کردووە
رووداو دیجیتاڵ
لەسەر رێگەی گوندی تەل مەتار، لە ناحیەی قەراج، کە هاوسنووری حەویجەی کەرکووکە؛ چەندین گوندی کوردیی دیکە چۆڵ و وێرانن، رێگەی گوندە کوردنشینەکان هێشتا خۆڵە و چەندین کێشەیان هەیە.
ئێرە گوندی تەل مەتارە، دوا گوندی کوردنشینە لە ناحیەی باقرت، ئەم گوندە 32 ماڵە، بەڵام بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزاری و لەسەرووی هەمووشیانەوە بێئاوی، نیوەیان چۆڵیان کردووە؛ ئەوەی ماوەتەوەش بەنیازن ئێرە جێبهێڵن.
جگە لە کێشەی بێئاوی و کارەبا، رێگرییەکانی حکومەتی عێراق لە هێنانی پێداویستیی کشتوکاڵی، ئاستەنگێکی دیکەی جووتیارانی کوردە لە قەراج.
رێگەی گوندە عەرەبنشینەکان لە هەمان سنوور، هەموو جادەکانیان قیرتاون؛ تەنیا ژمارەی ماڵە عەرەبەکانی گوندی رەوالە بەقەد هەموو گوندە کوردەکانە، کێشەی ئاو و خزمەتگوزارییە کشتوکاڵییەکانیشیان نییە.
نەکتەل ئەحمەد، دانیشتووی گوندی رەوالەیە و دەڵێت: "لە رووی ئەمنییەوە زۆر ئەمن و ئاسایشە و لە رووی ئاویشەوە زۆر باشە، خەڵک دەگەڕێنەوە و ئاوەدانی هەیە. دوای وەرگرتنی رەزامەندی، ئەوەی زەوییەکانی تاپۆ بێت دەتوانێ سوودمەند بێت لە وەرگرتنی پێشینەی خانووبەرە. ئەم گوندە زیاتر لە 50 ماڵی لێیە ئێستا، پێش شەڕی داعش زیاتر لە 150 ماڵ بووین، خەڵک سەبر سەبر دەگەڕێنەوە."
لە 80 گوندی ناحیەی قەراج، 39ـیان کورد و 41ـیان عەرەبن؛ زۆربەی گوندە عەرەبەکان ئاوەدانن، بەڵام گوندە کوردنشینەکان بە هەر 39 گوندەکەوە، لەبەر بێخزمەتی، کەمتر لە 50 ماڵیان تێدا دەژی.