لە ئیسفەهان 9 کرێکار بە گاز خنکان
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی هۆبەی رووبەڕووبوونەوەی قەیرانی پارێزگای ئیسفەهان رایدەگەیێنێت، لە یەکێک لە کارگەکانی ئەو پارێزگایە 9 کرێکار بەهۆی دزەکردنی گازەوە گیانیان لەدەستداوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 15-12-2025، مەنسوور شیشەفرۆش، بەڕێوەبەری گشتیی هۆبەی رووبەڕووبوونەوەی قەیرانی پارێزگای ئیسفەهان رایگەیاند: "لە ناوچەی پیشەسازیی دەوڵەت ئاباد، 9 کرێکار بەهۆی ژەهراویبوون بە گاز گیانیان لەدەستداوە."
مەنسوور شیشەفرۆش گوتی: "تیمەکانی فریاگوزاری بە خێرایی گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە، بەڵام نەیانتوانیوە کرێکارەکان رزگار بکەن." ئاماژەی بەوەش کرد، لێکۆڵینەوەی ورد بۆ دۆزینەوەی هۆکاری بڵاوبوونەوەی گاز لە کارگەکە دەستیپێکردووە.
ناوچەی پیشەسازیی دەوڵەت ئاباد دەکەوێتە باکووری ئیسفەهان، یەکێکە لە ناوچە پیشەسازییە گەورەکانی ئێران و زیاتر لە دوو هەزار کارگەی گەورە و بچووکی لێیە؛ زیاتر لە 20 هەزار کەس لەو سنوورە کار دەکەن.
بەپێی ئامارە فەرمییەکانی پزیشکی دادی ئێران، تەنیا لە مانگی یەکەمی وەرزی پاییزی ئەمساڵدا، 221 کەس لە سەرانسەری ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بە گازی یەکەم ئۆکسیدی کاربۆن ژەهراوی بوون، کە 11 کەسیان گیانیان لەدەستداوە.
ساڵانە لە وەرزی سەرما و لەگەڵ بەکارهێنانی ئامێرەکانی گەرمکەرەوە، دەیان کەس لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دەبنە قوربانیی بڵاوبوونەوەی گازی یەکەم ئۆکسیدی کاربۆن.