زانكۆی سەڵاحەدین بڕیارێكی نوێ بۆ مامۆستا و فەرمانبەرانی دەردەكات
رووداو- هەولێر
بەپێی نووسراوێكی فەرمی زانكۆی سەڵاحەدین، رێگەنادرێت مامۆستاو فەرمانبەرانی زانكۆی سەڵاحەدین لە شوێنی دیكە كار بكەن، پاساوەكەش ئەوەیە دەرماڵەی 100% یان هەیە، بەڵام سەرۆكی زانكۆكە رەتیدەكاتەوە رێگرییان كردبێت، بەپێچەوانەوە باسی هاوكاریش دەكات و دەڵێت "بەپێی یاسا دەبێت مامۆستاو فەرمانبەران هەفتانە 45 كاژێر دەوام بكەن، بەڵام بۆمان كردوون به 30 كاژێر".
بەپێی نووسراوێكی فەرمی زانكۆی سەڵاحەدین كە واژۆی د. ئەحمەد دزەیی، سەرۆكی زانكۆكەی بەسەرەیەو وێنەیەكی دەست تۆڕی میدیایی روووداو كەوتووە، مامۆستاو فەرمانبەرانی زانكۆ بەهۆی ئەوەی دەرماڵەی 100% یان بۆ خەرجدەكرێت، بۆیان نییە لەهیچ شوێنێكی دیكە كار بكەن.
لە نووسراوەكەدا هاتووە "بەهۆی ئەوەی مامۆستاو كارمەندانی زانكۆ خۆتەرخانكردنی تەواو وەردەگرن، بەم پێیەش دەرماڵەی 100% وەردەگرن كه ئەمە مانای وایە كارمەند (مامۆستاو فەرمانبەر) هەموو كاتی خۆیان بۆ زانكۆ تەرخان بكەن، بۆیە بەهیچ شێوەیەك رێگەنادرێت لەدەرەوەی زانكۆ كار بكەن".
ئەم بڕیارەی سەرۆكی زانكۆ ناڕەزایی لەلای مامۆستاو فەرمانبەرانی زانكۆی سەڵاحەدین دروستكردووە، بەتایبەت لەو كاتەدا كه حكومەتی هەرێمی كوردستان مووچەی چوار مانگی فەرمانبەران و مامۆستایان قەرزدارە.
د. ئەحمەد دزەیی، سەرۆكی زانكۆی سەڵاحەدین رەتیكردەوە رێگریان لە مامۆستاو فەرمانبەران كردبێت كاری دیكەی بكەن، ئەو بە رووداوی گوت "بەپێی یاسا دەبێت مامۆستاو فەرمانبەران لە هەفتەیەكدا 5 رۆژ لە كاژێر 8.30 خولەك تاوەكو 17.30 خولەك دەوام بكەن، واتە هەفتانە 45 كاژێر، بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایی و دواكەوتنی مووچه، بۆمان كردوون بە30 كاژێر".
دزەیی هەروەها گوتی "ئەوەی ئێمە رێگریمان لێكردووە ناهێڵین لە بەیانیاندا مامۆستا و فەرمانبەران لە شوێنی دیكە كار بكەن، رێگەشمان داوە لەدوای كاژێر 15:00 ەوە له شوێنی دیكە كار بكەن، بەمەرجێك رەزامەندیی زانكۆ وەربگرێت و بڵێت لەو جێگایە كاردەكەم".
سەرۆكی زانكۆی سەڵاحەدین ئاماژەی بە بڕیارێكی دیكەش كرد كە هەر كارمەندێك مەبەستی بێت دەتوانێ دەوامەكەی بگوازێتەوە بۆ زانكۆیەكی تایبەت، خزمەتەكەشی بۆ هەژماردەكرێت و تەنیا مووچەكەی دەبڕدرێت.