شادی نەوزاد: پێش بڕیارەکەی نەوەی نوێ من لەو فراکسیۆنە جیابوومەتەوە

رووداو-هەولێر

پەرلەمانتارێکی پێشووی فراکسیۆنی نەوەی نوێ رایدەگەیێنێت لە فراکسیۆنەکەی جیابووەتەوە و پێش بڕیارەکەی ئەنجوومەنی سیاسی نەوەی نوێ، جیابوونەوەکەی راگەیاندووە.

لەسەر دەنگدانی بە پرۆژەیاسای چاکسازی و دەرماڵە و ئیمتیازاتەکان، جووڵانەوەی نەوەی نوێ رایگەیاند، شادی نەوزادی لە فراکسیۆنەکەی دەرکردووە. لەبەرامبەردا شادی نەوزاد بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "نەوەی نوێ ناتوانێ من دەربکات لەبەر ئەوەی رۆژی رابردوو جیابوونەوەی خۆم لە فراکسیۆنی نەوەی نوێ بە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان راگەیاندووە".

سەبارەت بە داهاتووی کاری سیاسی و پەرلەمانی، شادی نەوزاد گوتی: "من بە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانم راگەیاندووە سەربەخۆم و لەمەوبەدواش وەک فراکسیۆنێکی سەربەخۆ کاری پەرلەمانیی خۆم دەکەم".

شادی نەوزاد شەوی چوارشەممە 15-1-2020 لەبارەی دەنگدانی بە پرۆژەیاساکە لە فەیسبووکی خۆی نووسیبووی: "بەڵێ دەنگ بە یاسای چاکسازی دەدەم. یەکەم هەنگاو لە خۆمانەوە دەستیپێکرد و بەردەوام دەبێت تا هەموو سێکتەرەکانی دیکە بگرێتەوە و بەڕێژەیەکی بەرچاو گەندەڵی کەم بکاتەوە". شادی نەوزاد دەڵێت: "دەستکردن بە پرۆژەکانی چاکسازی ئەمڕۆ لە سبەی باشترە و لە کۆتایی رێگەکە رۆژێک زووتر دەگەینە ئامانج".

ئەنجوومەنی سیاسیی نەوەی نوێ، لە راگەیێندراوەکەی ئەمڕۆی خۆیدا دەڵێت: "ئەمڕۆ پێچەوانەی سیاسەت و ستراتیژی جوڵانەوەکە شادی نەوزاد، خیانەتی لە خودا و لە سوێندەکەی و لە دەنگدەران و هاووڵاتییان کرد، پەرلەمانتار شادی نەوزاد دەنگیدا بە خانەنشینیی پەرلەمانتاران و پلە باڵاکان. بۆیە لەپێناو هێشتنەوەی ئەخلاقی سیاسیی و رێزگرتن لە هاوڵاتییان و دەنگدەرانمان، ئەنجوومەنی سیاسیی جوڵانەوەکە بڕیاریدا بە دەرکردنی پەرلەمانتار (شادی نەوزاد) لە فراکسیۆنی نەوەی نوێ".

دوای زیاتر لە 70 کاژێر کۆبوونەوە و پەسندکردنی ماددە بە ماددەی پرۆژەیاسای چاکسازی، ئەمڕۆ پەرلەمانی کوردستان تێکڕای پرۆژەیاسای چاکسازیی بەدەنگی 89 پەرلەمانتار پەسندکرد. فراکسیۆنی پارتی و یەکێتی ( جگە لە پەرلەمانتارێکیان) و فراکسیۆنی گۆڕان دەنگیان بە پرۆژەیاساکە دا.

 

نووسراوی دەستلەکارکێشانەوەکەی