شەپۆلێکی بەفر و باران هەموو کوردستانی گرتووەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەفر چیا و گوندەکانی کوردستانی سپیپۆش کرد، لە هەندێک شوێن خەڵک بۆ شەڕە تۆپەڵ و خۆشی چوونە دەشت و دەر؛ لە هەندێک شوێنیش بووە هۆی دروستبوونی ئاستەنگی هاتووچۆ.
کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، چوارشەممە شەپۆلی دووەمی بەفربارین دەستپێدەکات و سەنتەری شارەکانیش دەگرێتەوە، سەرەڕای بەفربارین، پێشبینی دەکرێت پلەکانی گەرما بگاتە ژێر سفری سیلیزی.
لە پارێزگای لوڕستانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەفر کارەبای 300 گوندی بڕیوە و رێگەی هاتووچۆی 230 گوندیشی داخستووە.
محەممەد خودابەخشی، نوێنەری شاری ئەلیگودەرز لە پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، بەڕێوەبەرایەتیی رێگەکانی پارێزگای کرماشان کەلوپەلی پێویستیان بۆ راماڵینی بەفری رێگەکان نییە و تاوەکوو کاتێک کە رێگاکان نەکرێنەوە کێشەی کارەبای ئەو 300 گوندیش چارەسەر نابێت.
لە باکووری کوردستانیش، بەفربارین بەردەوامە و رێگەی 76 گوند لە پارێزگاکانی شرناخ و سێرت بەهۆی کەڵەکەبوونی بەفرەوە داخران.
بههۆی كهڵهكهبوونی بهفرهوه رێگەی نۆ گوند و چوار ئاوایی له ناوەندی شرناخ، 22 گوند له شارۆچکەی بهیتولشهباب و رێگەی حهوت گوندیش له شارۆچکەی ئوڵودهره داخراون.
ههر بههۆی بهفربارین و ههڵكردنی رههێڵهوه رێگەی 21 گوند له شارۆچکەی پهراوری و 17 گوندی دیكهیش له شارۆچکەی شریڤانی سەر بە پارێزگای سێرت داخراون.
ئەم شەپۆلی بەفربارینە، رۆژئاوای کوردستانی نەگرتەوە، بەڵام بەپێی پێشبینییەکان، باران لە سنووری قامیشلۆ و حەسەکە دەبارێت.