سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە مافی رۆژنامەڤانان: بەراورد بە ساڵی رابردوو پێشێلکارییەکان 8% کەمیان کردووە
رووداو - سلێمانی
سەنتەرى میترۆ بۆ داکۆکى لە مافى رۆژنامەڤانان راپۆرتى رەوشى رۆژنامەگەریی لە هەرێمى کوردستان بۆ بەرچاوى خەڵک و میدیاکان رادەگەیێنێت، بەپێى ئامارەکەى میترۆ پێشێلکارییەکانى ساڵى 2021 بەراورد بە ساڵى پێشتر بە رێژەى 8% کەمیکردووە.
ئامارى پێشێلکارییەکانی ساڵی 2021 بەمشێوەیە بووە:
353 پێشێلکاری بەرامبەر 260 رۆژنامەڤان و کەناڵى راگەیاندن
189 کەیسی رێگرى و جیاکاری
81 کەیسی هێرش و لێدان
25 کەیسی دەستبەسەرکردن
25 کەیسی زەوتکردنى کەرەستەى رۆژنامەڤانى
13 کەیسی هەڕەشەلێکردن
7 کەیسی شکاندنى پێداویستى رۆژنامەڤانى
6 کەیسی پڕکردنەوەى بەڵێننامە
4 کەیسی دەستگیرکردنی بەدەر لە یاسا
2 کەیسی هەڵکوتانەسەر و داخستنى کەناڵ
1 کەیسی تەقەلێکردن
دیارى محەممەد، بەڕێوەبەرى سەنتەرى میترۆ دەڵێت، "ئامارەکان[ی پێشێلکاری] کەمیکردووە، بەڵام بەو مانایە نا کە ئازادییەکان زیاتر بوون، بەڵکو جۆرى سکاڵا و کەیسەکان گۆڕاون کە بە یاساى عێراقى کار کراوە".
سەنتەرەکە راپۆرتێکى دیکەى بڵاوکردەوە کە ئامارەکانی 10 ساڵى لەخۆگرتبوو، بەشێوەیەک کە لە ساڵی 2011وە تاوەکو 2020 ژمارەی ئەو پێشێلکارییانەی کراون 2632 پێشێلکاری بوون کە بەرامبەر 2165 رۆژنامەڤان و کەناڵى راگەیاندن کراون.
دروشمى سەرەکیى راپۆرتى ئەمساڵى سەنتەرى میترۆ "هەراسانیى ئەلیکترۆنى بەرامبەر بە خانمانى میدیاکار پەرەدەسێنێت" بوو، راپۆرتێک کە رێکخەری سەنتەرەکە دەڵێت، "داوەتکردنى کچێک بۆ قاوە خواردنەوەیەک لە کافتریایەکیش هەر هەراسانکردنە".
هەژان خالید، مامۆستاى راگەیاندن باس لەوە دەکات، "هەراسانکردن جۆرى زۆرە، هەر لە ناردنى نامەى ئەلیکترۆنى و زۆرکردن بۆ وەڵامدانەوە، هەر لەوەى کە داواى قاوە خواردنەوە بکەیت بەبێ ئەوەى کەسەکە خۆى پێی خۆش بێت، تاوەکو دەگاتە جیاوازیکردنى خاوەن کار لە بەرامبەر ئەوەى کە کارێکى بە ئافرەت داوە".
ئەوەى لە هەرێمى کوردستان لە 10 ساڵى رابردوودا ئەزموون کراوە، زۆرینەى پێشێلکارییەکان بە هەموو جۆرەکانیەوە، لە کاتى خۆپێشاندان و گردبوونەوەکان
روویانداوە.