ئەڵمانیا: بە تووندی سەرکۆنەی هێرشی نابەرپرسانەی ئێران بۆ سەر هەولێر دەکەین
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا رایدەگەیێنێت، ئەو هێرشانەی سەر هەولێر سەروەریی خاکی عێراق زامدار دەکات و سەقامگیری ناوچەکە دەخاتە ژێر مەترسییەوە و "بە تووندی" سەرکۆنەی دەکەن.
بەهۆی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەولێر، وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا رۆژی سێشەممە، 16-01-2024، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، "بە تووندی هێرشی نابەرپرسیارانەی ئێران بۆ سەر هەولێر سەرکۆنە دەکەین. بیرمان لەلای کەسوکاری قوربانییەکانە."
کاژێر 11:30ـی خولەکی شەوی دووشەممە، 15-01-2024، بە مووشەک هێرشکرایە سەر شاری هەولێر و بەهۆیەوە چوار کەس گیانیان لەدەستدا و 16ـی دیکەش برینداربوون.
دوای مووشەکبارانەکە، سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، ئەوان هێرشەکەیان کردووە و ژمارەیەک شوێنی کردووەتە ئامانج کە بە"بنکەی تیرۆریستی" و گرووپە دژبەرەکانی ئێران بووە.
یەکێک لەو شوێنانەی کرایە ئامانج، ماڵی سەرمایەداری کورد پێشڕەو دزەیی، سەرۆکی گرووپی فالکۆن بوو، کە لە هێرشەکەدا لەگەڵ کچە بچووکەکەی و میوانێکی بە ناوی کەرەم میخائیل خاوەنی کۆمپانیای ئەلڕەیان لە عێراق کە پشکی لە کۆمپانیای سامسۆنگ هەبوو، هەروەها کارگوزارێکی بە رەچەڵەک فلیپینی گیانیان لەدەستدا.
هەر لە هێرشەکەدا هانا جووتیار، پزیشکی ددان، کە هاوژینی پێشڕەوە، لەگەڵ رەوان پێشڕەو تەمەن حەوت ساڵ و رۆژ پێشڕەو، کە تەمەنی لە نێوان 25 بۆ 27 ساڵە و هەر لەگەڵ باوکی کاری کردووە، بریندار بوون.
هاوکات، هەر ئەمڕۆ 16-1-2024، وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا لەبارەی هێرشی مووشەکیی ئێران بۆ سەر هەولێر رایگەیاند، "فەرەنسا زۆر بە تووندی سەرکۆنەی هێرشە مووشەکییەکەی سەر هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان دەکات لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە."
هەروەها راشیگەیاند، "ئەو کارانە پێشێلکردنی زەق و قبوڵنەکراون بۆ سەر سەروەری و ئاسایشی عێراق کە هەرێمی کوردستان بەشێکە لێی. دەشبێتە هۆی زیادبوونی گرژییە هەرێمییەکان و پێویستە بووەستێندرێت."