محەممەد ئیحسان: هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەولێر بەردەوام دەبن

 
رووداو دیجیتاڵ 

مامۆستایەکی کۆلێژی جەنگ لە زانکۆی لەندەن رایگەیاند، هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبن و ئەمریکاش "هەڵوێستی تووندی دەبێت." 
 
د. محەممەد ئیحسان، مامۆستای کۆلێژی جەنگ لە زانکۆی لەندەن، لەبارەی هێرشەکانی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەمە جاری دووەمە کۆماری ئیسلامی ئێران بە فەرمی هەولێر دەکاتە ئامانج، پێموایە ئەو هێرشانە بەردەوام دەبن". 
 
شەوی دووشەممە، 15-01-2024 بە چەندین مووشەک هێرشکرایە سەر چەند ناوچەیەکی شاری هەولێر، لەوانە ماڵی سەرمایەداری کورد پێشڕەو دزەیی، کە لە هێرشەکەدا گیانی لەدەستدا و زۆربەی ئەندامانی خێزانەکەشی بریندار بوون.
 
هەر زوو سوپای پاسدارانی ئێران بەرپرسیارێتیی هێرشەکەی لە ئەستۆ گرت. مامۆستاکەی کۆلێژی جەنگ لە زانکۆی لەندەن رایگەیاند، "نابێت هەموو رۆژێک کەس و سەرمایەدارێک بکرێتە ئامانج و شەهید بکرێت، پێشڕەوی دزەیی کەسێکی دوور لە سیاسەت بووە، ئەگەر ئێران لە بنکەکانی مۆساد دەگەڕێت با لە تاران، مەشهەد و ناوچەکانی دیکە بگەڕێت".
 
د. محەممەد ئیحسان، جەخت لەوەدەکاتەوە هەرێمی کوردستان نایەوێت ببێتە گۆڕەپانی ململانێی نێوان ئەمریکا و ئێران، بەڵام پێیوایە: "ئەمجارە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەڵوێستی تووند و جدی دەبێت."
 
شەوی سێشەممە ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "کاتژمێر 11:30ی شەوی 15 لەسەر 16ی کانوونی دووەمی 2024، سوپای پاسدارانی ئێران بە چەندین مووشەکی بالیستیکی چەند ناوچەیەکی سڤیلنشینی هەولێری بۆردوومان کرد."
 
سەبارەت بە زیانەکانی هێرشەکەش، ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان راگەیاندووە: "بەداخەوە بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان چوار هاووڵاتیی سڤیل شەهید و 6 کەسی دیکەش بریندار بوون، کە ڕەوشی تەندروستیی هەندێ لە بریندارەکان ناجێگیرە."