باڵیۆزی فینلاند لە عێراق بۆ رووداو: دەبێت لە پاڵپشتیکردنی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق بەردەوام بین
رووداو دیجیتاڵ
باڵیۆزی فینلاند لە عێراق رایگەیاند، "سەرکۆنەی هەموو هێرشێک بۆ سەر خەڵکی بێتاوان دەکەین و شۆک بووین" بە هەواڵی هێرشکردنە سەر هەولێر. ئاماژەی بەوەش کرد، ئەوەی کراوە "رێگەیەکی راست نییە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان."
رۆژی سێشەممە؛ 16-01-2024 ئانو سارێلا، باڵیۆزی فینلاند لە عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بە هێرشەکەی سەر هەولێر شۆک بووین و خەمناکین. پێویستە لە پاڵپشتیکردنی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق بەردەوام بین."
سارێلا گوتیشی، "دوێنێ سەرکۆنەی هەموو هێرشێکمان بۆسەر خەڵکی سڤیلی بێتاوان کرد و دەمەوێت سەرەخۆشیی خۆم ئاراستەی خێزان و هاوڕێیانی قوربانییەکانیش بکەم. ئەمە رێگەچارەی چارەسەرکردنی کێشەکان نییە؛ دەبێت رێگەیەکی ئاشتییانە هەبێت."
دەقی پرسیار و وەڵامەکان لەگەڵ ئانو سارێلا، باڵیۆزی فینلاند لە عێراق:
رووداو: خانمی باڵیۆز، هەروەک دەزانن شەوی رابردوو هێرش کرایە سەر خەڵکی سڤیلی هەولێر. خەڵک لەلایەن ئێرانەوە بە مووشەک هێرشیان کرایە سەر. تۆ وەکو باڵیۆزی فینلاند چی لەسەر ئەوە دەڵێیت؟
باڵیۆزی فینلاند: بێگومان کاتێک ئەو هەواڵەمان بیست شۆک بووین. دوێنێ ئێوارە سەرکۆنەی هەموو هێرشێکمان بۆسەر خەڵکی سڤیلی بێتاوان کرد. دەمەوێت سەرەخۆشیی خۆم ئاراستەی خێزان و هاوڕێیانی قوربانییەکان بکەم، ئەمە رێگەچارەی چارەسەرکردنی کێشەکان نییە؛ دەبێت رێگەیەکی ئاشتییانە هەبێت.
رووداو: ماوەیەکە لەژێر ئەم هێرشانەین. ئایا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەتوانێت چی بکات بۆ رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەیان؟
باڵیۆزی فینلاند: پێموایە دەبێت بەردەوام بین لە پاڵپشتیکردنی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق، هەروەک پێشتریش کردوومانە.
رووداو: ناوچەی نائارام و ناسەقامگیر یەکێکە لە هۆکارەکانی کۆچکردن. وایە؟
باڵیۆزی فینلاند: راستە. کاتێک عێراق ئارام و سەقامگیرە، خەڵك دڵنیا دەبنەوە و دەگەڕێنەوە.