عێراق "دووژمنکاریی ئێران" دەباتە نیویۆرک

رووداو دیجیتاڵ
 
حکومەتی عێراق هەڵوێستێکی تووندی نیشاندا بەرامبەر هێرشی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر هەولێر و بە "دووژمنکاریی ئێران" ناوی برد، هەروەها بڕیاریدا سکاڵایەک لە دژی ئێران بباتە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان لە نیویۆرک. 
 
ئەم هەڵوێستەی حکومەتی فیدرالیی عێراق بە سەرۆکایەتی محەممەد شیاع سوودانی، تووندترین هەڵوێست بووە لەلایەن عێراقەوە بەرامبەر هێرشەکانی ئێران بۆ نێو خاکی عێراق لە دوای رووخاندنی رژێمی سەدام حوسێنەوە.
 
وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئەمڕۆ 16-1-2024 بەناوی حکومەتی فیدرالیی عێراق هێرشەکەی بەتووندی شەرمەزار کرد و بە "دووژمنکاریی ئێرانی" ناوی ‌هێنا و تێیدا هاتووە، "حکومەتی کۆماری عێراق سەرکۆنەکردنی تووند و شەرمەزارکردنی خۆی نیشاندەدات بەرامبەر دووژمنکاریی ئێران بۆ سەر شاری هەولێر، بەهۆی بۆردوومانکردنی ناوچە سیڤیل نیشینەکان بە مووشەکی بالیستی کە قوربانی سیڤیلی لێکەوتەوە".
 
هەروەها عێراق دەڵێت، "حکومەتی کۆماری عێراق ئەم کردارە بە دووژمنکاری دادەنێت بۆ سەر سەروەری عێراق و ئاسایشی گەلی عێراق، هەروەها سووکایەتییە بە درواسێیەتی باش و ئاسایشی ناوچەکە". عێراق بڕیاریداوە کاردانەوەکانی خۆی بەرزبکاتەوە بۆ ئاستێکی نێودەوڵەتی و رایدەگەیێنێت، "هەموو رێوشوێنە یاساییەکان دەگرینەبەر، لەوانەش پێشکێشکردنی سکاڵایەک بۆ ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی". 
 
هەروەک لە راگەیێندراوەکەدا دەردەکەوێت، سەرۆکوەزیرانی فیدرالیی عێراق زۆر پێداگیرە لەسەر گەیاندنی سکاڵاکە بەهەموو بەڵگەکانەوە بۆ ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە نیویۆرک، "هەر لەو چوارچێوەیەدا سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدا لیژنەیەک دروستبکرێت بە سەرۆکایەتی راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی بۆ لێکۆڵینەوە لە هێرشەکە و کۆکردنەوەی زانیارییەکان بۆ پشتیوانیکردنی هەڵوێستی حکومەت لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، هەروەها بۆ ئەوەی ئەنجامەکان بۆ رای گشتی عێراق و نێودەوڵەتی بڵاوبکرێنەوە لەپێناو دەرخستنی ساختەیی ئەو بیانووانەی لە پشتەوەی ئەو کردەوە شەرمەزارکراوانەن" . 
 
حکومەتی عێراق هەر دوای راگەیێندراوەکە ژمارەیەک رێوشوێنی گرتەبەر. وەزارەتى دەرەوەی عێراق ئەبوفەزڵ عەزیزى، هەڵسوڕێنەرى کاروبارى باڵیۆزخانەی ئێرانى لە بەغدا بانگهێشت کرد و یاداشتێکى ناڕەزایى پێدا. کەمێک دواتر وەزارەتى دەرەوە نەسیر عەبدولموحسین، باڵیۆزى عێراقى لە تاران بانگکردەوە بۆ بەغدا بۆ تاوتوێکردنى هێرشەکەى ئێران بۆ سەر هەولێر.
 
بەگوێرەى راگەیێندراوێکى وەزارەتى دەرەوە، بانگکردنى باڵیۆزى عێراق لە تاران بۆ راوێژکردن بووە لەبارەى ھێرشەکانى سەر هەولێر.
 
هەروەها هەر ئەمڕۆ لیژنەی لێکۆڵینەوە لە هێرشەکەی ئێران گەیشتە هەولێر. دوای ئەوەی محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەیران وەک فەرماندەى گشتى هێزە چەکدارەکانی عێراق لیژنەیەکى لێکۆڵینەوەى پێنج کەسی لە رووداوەکە پێکهێنا. لیژنەکە دەبێت لە 48 کاژێردا راسپاردەى خۆی بداتە سەرۆکوەزیرانی فیدرالیی عێراق.
 
قاسم ئەعرەجى، راوێژکارى ئاسایشى نەتەوەیی عێراق کە سەرۆکایەتیى لیژنەى لێکۆڵینەوەکەى حکومەتى عێراق دەکات، سەردانى ماڵە وێرانکراوەکەی پێشڕەو دزەیی کرد و رایگەیاند، "دەرکەوت بانگەشەکان کە باس لەوە دەکەن ئێرە بارەگای مۆساد بووە، راست نین".  
 
حوسێن عەللاوى، راوێژکارى سەرۆکوەزیرانى عێراق بۆ کاروبارى ئەمنى، ئەمڕۆ سێشەممە 16-1-2024، بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، بەڵگە کۆکراوەکانی لیژنەکە دەکرێنە بەشێک لەو دۆسیەی سکاڵایەى سەبارەت بەو هێرشە دەدرێتە ئەنجوومەنى ئاسایشى نێودەوڵەتى.
 
ئاراستەکردنى 11 مووشەک لەلایەن سوپاى پاسدارانى ئێرانەوە بۆ هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستان لە شەوى 15-1-2024، دەرگاى شەرمەزارکردنێکی تووند و بڕیارى پێکهێنانى لیژنەى لێکۆڵینەوەى لە عێراق لەسەر رووداوەکە لێکەوەتەوە، کە لەوانەیە ئێران چاوەڕێی هەڵوێستێکی بەوشێوەیەی لە بەغدا نەکردبێت. ئەو هەڵوێستەی عێراق هانی وڵاتانی دیکەشی دا کاردانەوەی تووندیان هەبێت بەرامبەر هێرشەکەی ئێران. 
 
وەزارەتى دەرەوەى عێراق لە ماوەى کەمتر لە چوار کاژێردا، سێ راگەیێندراوی لەبارەى ئەو هێرشانە بۆ سەر هەولێر هەبوو. یەکێکیان هەڵوێست و دووانەکەى دیکە گرتنەبەرى رێوشوێن بوون.
 
لەو 11 مووشەکەى هەولێریان پێ کرایە ئامانج، پێنجیان بەر ماڵى پێشڕەو دزەیی، سەرمایەداری هەولێر کەوتن؛ لە ئەنجامدا خۆی، کچێکى، میوانێکی و کارگوزارێکی ماڵەکەی گیانیان لە دەستدا. کچی پیشڕەو دزەیی ناوی ژینە بوو کە ‌هێشتا 10 رۆژ مابوو تەمەنی بگاتە یەک ساڵ. هەروەها کارگوزارە فلیپینییەکە ناوی میشێل بوو و دایەن و بەخێوکاری ژینە بوو. سەرمایەداری کریستیانی عێراقی کەرەم میخائیل سەریدار خەڵکی پارێزگای موسڵ بوو و لەدایکبووی 1981 بوو و لە بەریتانیا ژیاوە و خوێندوویەتی، باوکی دوو منداڵە و خاوەنی کۆمپانیای رەیانە و بریکاری هەردوو کۆمپانیای سامسۆنگ و سۆنی بووە لە عێراق، ئەو شەوە میوانی پێشڕەو دزەیی بووە لە هەولێر. 
 
ئێران دووەمین جارە ماڵی سەرمایەدارانی هەولێر دەکاتە ئامانج بە بیانووی لێدانی بنکەی هەواڵگری ئیسرائیلی. هێرشی مووشەکى سوپای پاسداران لە بەرەبەیانى رۆژی 13ى ئادارى 2022، ئەنجامدرا و سوپای پاسداران ئەوکاتیش گوتی، بنکەیەکی هەواڵگریی ئیسرائیلیان کردە ئامانج. دواتر لیژنەی لێکۆڵینەوەی حکومەتی عێراق رایگەیاند، "بیانووی ئێران راست نییە و هیچ بنکەیەکی ئیسرائیلی لە هەولێر نییە".
 
حکومەتی فیدرالیی عێراق بە سەرۆکایەتی مستەفا کازمى ئەوکات هێرشەکەی بەوە دانا کە دەستدرێژییە بۆ سەر پەیوەندیى دراوسێیەتى و ئەو پەیوەندییە مێژوویەى گەلى هەردوو وڵات پێکەوە دەبەستێتەوە، هەروەها یاداشتی ناڕەزایی دایە باڵیۆزخانەی ئێران، بەڵام سکاڵای لە دژی ئێران نەبردە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و ئێرانیش هیچ بایەخێکی بە ناڕەزایی عێراق نەدا.