وەزیری پێشمەرگە بۆ رووداو: نابێ پێشمەرگە تایبەتمەندیی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبکاتەوە

رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، خۆ دەرخستنی ئەفسەر و کارمەندانی وەزارەتەکەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان قەدەخەیە و تەواوی پەیجەکانی دەرەوەی وەزارەتیش دادەخرێن. وەزیری پێشمەرگە دەڵێت، "هەندێک بابەت تایبەتمەندی پیشەیی و سەربازییان هەیە و نابێت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبکرێنەوە."
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 16ـی کانوونی دووەمی 2025، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیرى پێشمەرگەى حکومەتى هەرێمى کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هەندێک بابەت تایبەتمەندی پیشەیی و سەربازییان هەیە، نابێت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبکرێنەوە، لە پێناو پاراستنی ئاسایشی هێزەکانی پێشمەرگە."
 
وەزیرى پێشمەرگەى دەڵێت: "دەبێت پێشمەرگە، ئەفسەر و سەربازەکان لە هەموو کەسێک زیاتر پابەندی ئەم بڕیارانە بن، چونکە ئەوان ئەرکێکی پیرۆزیان هەیە و پێویستە رێز لە بەهاکانی ئەم ئەرکە بگرن و تایبەتمەندییەکانی بپارێزن."
 
هەر ئەفسەرێک، پێشمەرگە یان سەربازێک ئەم  کارانە بکات لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەکرێت. شۆڕش ئیسماعیل گوتی: "لە هیچ کەسێک قبووڵ ناکرێت سەرپێچی ئەم بڕیارانە بکات، بە پێچەوانەوە دەدرێتە دادگە و لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەکرێ."
 
ئەمڕۆ وەزارەتی پێشمەرگە لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، بە مەبەستی زیاتر رێکخستنی ئەرک، کارەکانی راگەیاندن و کۆنترۆڵکردنی ئەو بەربڵاوییەی لە بڵاوکردنەوەی وێنە، فیدیۆ و نمایشکردن بە جل و بەرگی سەربازی بە شێوەیەکی نادروست، هەروەها دانانی پەیج و ئەکاونتی نافەرمی لە دەرەوەی یاسا و رێنماییەکان هەیە، وەزارەتی پێشمەرگە بە فەرمانی ژمارە 60 لە 6ـی کانوونی دووەمی 2025 ژمارەیەک بریار و راسپاردەی دەرکرد.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "هەموو جۆرە پۆست و بڵاوکردنەوەی هەرجۆرە نمایش و خۆ دەرخستنێک بە شێوەیەک چالاکیی کەسیی ئەفسەر، فەرماندە و پێشمەرگە بە جلی سەربازی لە بنکە و بارەگا سەربازییەکان کە زیان بە شکۆ و کەسایەتی فەرماندە و ئەفسەرانی هێزی پێشمەرگە دەگەیێنێت لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا قەدەخەیە."
 
وەزارەتەکە دەڵێت: ''هەموو جۆرە ناوزڕاندنێك لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا "كۆمێنتی نەشیاو یان پۆست و بڵاوكردنەوەی وێنەی نەگونجاو"، ئەنجامدەرەكەی رووبەڕووی سزای یاسایی دەكاتەوە و دەدرێتە دادگای سەربازی، هەر ئەفسەر و پێشمەرگەیەک بەدەر لەو رێنوێنییانەی كە لە فەرمانەكەدا هاتووە ئەو كارانە ئەنجام بدات، رووبەڕووی سزای یاسایی دەبێتەوە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی راگەیاندن و بەڕێوەبەرایەتی گشتیی هەواڵگریی پێشمەرگە چاودێری و بەدواداچوونی بەردەوام بۆ ئەو بابەتە دەکەن و دەدرێتە دادگە."
 
هەروەها فەرمانە وەزارییەکە باس لەوەش دەکات، "پێویستە هەردوو بەڕێوەبەرایەتی گشتیی راگەیاندن و هەواڵگریی پێشمەرگە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکان بەدواداچوون بۆ پەیجە فەیک و نادیارەکان بکەن، کە سووکایەتی بە ناو و ناوبانگی پێشمەرگە و فەرماندە سەربازییەکان دەکەن، ئەگەر کەسانی سەربازی بن بەپێی یاسای سزدانی سەربازی مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت، ئەگەر کەسانی مەدەنی بن لە رێگەی فەرمانگەی یاسایی وەزارەتی پێشمەرگە سکاڵایان لەسەر تۆمار دەکرێت."