پیاوێکی ئەفغانی لە ئەڵمانیا دادگایی دەکرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

لە شاری میونشنی ئەڵمانیا دادگاییکردنی پیاوێکی ئەفغانی دەستیپێکرد، کە تۆمەتبارە بەوەی ساڵی رابردوو بە ئۆتۆمبێل ژمارەیەک هاووڵاتیی کردووە بەژێرەوە و بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی دایکێک و کچەکەی.
 
رۆژی هەینی دادگاییکردنی تۆمەتبار (فەرهاد ن.) دەستیپێکرد، کە رووبەڕووی دوو تۆمەتی "کوشتنی بەئەنقەست" و 44 تۆمەتی "هەوڵدان بۆ کوشتن" بووەتەوە.
 
بەگوێرەی داواکاری گشتیی ئەڵمانیا، تۆمەتبارەکە کردەوەکەی بە "پاڵنەری ئایینیی تووندڕەوانە" کردووە و چاوەڕێی ئەوە بووە لەکاتی هێرشەکەدا خۆیشی بکوژرێت.
 
رووداوەکە دەگەڕێتەوە بۆ 13ی شوباتی 2025، کاتێک فەرهاد بە مەبەست و بەخێرایی ئۆتۆمبێلەکەی ئاراستەی گردبوونەوەیەکی سەندیکای کرێکاران کردووە، کە نزیکەی هەزار و 400 کەسی تێدا بووە.
 
لە دۆسیەی لێکۆڵینەوەدا هاتووە، ئۆتۆمبێلەکە دوای بڕینی 23 مەتر لەنێو قەرەباڵخییەکەدا وەستاوە، هۆکارەکەشی ئەوە بووە "بەهۆی زۆریی ژمارەی قوربانییان لەژێر تایەکاندا، ئۆتۆمبێلەکە توانای رۆیشتنی نەماوە".
 
لە ئەنجامی هێرشەکەدا، ژنێکی تەمەن 37 ساڵ و کچە دوو ساڵانەکەی بە سەختی بریندار بوون و دوای چەند رۆژێک مانەوە لە نەخۆشخانە، گیانیان لەدەستدا. دەیان کەسی دیکەش بریندار بوون.
 
داواکاری گشتی دەڵێت فەرهاد کە لەدایکبووی کابوولی پایتەختی ئەفغانستانە، دەستبەجێ دوای دابەزینی لە ئۆتۆمبێلەکە تەکبیری لێداوە.
 
لە کاتی تۆمەتبارکردنی لە مانگی ئابدا، لایەنە پەیوەندیدارەکان رایانگەیاندبوو: "تۆمەتبار باوەڕی وابووە ئەرکی سەرشانیەتی هێرش بکاتە سەر خەڵک لە ئەڵمانیا و بیانکوژێت، وەکو وەڵامدانەوەیەک بۆ ئەو ئازارانەی موسڵمانان لە وڵاتانی ئیسلامیدا دەیچێژن".
 
ئەم هێرشە و چەند رووداوێکی دیکەی پەیوەست بە کۆچبەران لەو کاتەدا، مشتومڕێکی سیاسیی تووندی لەسەر سیاسەتەکانی کۆچ لە ئەڵمانیا دروستکرد، بەتایبەتی کە هاوکات بوو لەگەڵ کاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی گشتی لەو وڵاتە.