ئەوقافی سلێمانی لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکەی مزگەوتی بەختەوەری پێکدەهێنێت
رووداو دیجیتاڵ
ئەوقافی سلێمانی لەسەر 'گرژییەکەی' مزگەوتی بەختەوەری دەڵێت، نابێت مینبەری مزگەوت بۆ هێرشکردنە سەر هیچ لایەنێک بەکاربهێندرێت.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئەوقافی سلێمانی راگەیێندراوێکی لەسەر ئاڵۆزییەکانی نیوەڕۆی ئەمڕۆی مزگەوتی بەختەوەری بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لیژنەیەکی تایبەت بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە پێکهێندراوە؛ جەختیش دەکاتەوە کە "نابێت مینبەری مزگەوت بۆ هێرشکردنە سەر هیچ لایەنێک بەکاربهێندرێت."
دوای ئەوەی نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی 16-01-2026، گوتاری هەینی لە مزگەوتی بەختەوەریی گەڕەکی راپەڕین گرژیی لێکەوتەوە، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئەوقافی سلێمانی لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، بەهۆی "هەندێک بابەتی لابەلای دەرەوەی گوتار" گفتوگۆ و ناڕەزایەتی لەنێوان گوتارخوێن و نوێژخوێنان دروستبووە.
ئەوقافی سلێمانی سێ خاڵی سەرەکی وەکو هەڵوێستی فەرمی خستەڕوو:
یەکەم: بەپێی رێنماییەکانی کۆنفرانسی رێکخستنی گوتاری ئایینی، هیچ گوتارخوێنێک بۆی نییە بە شێوەی "راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ" لەنێو حەرەمی مزگەوتدا هێرش بکاتە سەر هیچ کەس و لایەنێک.
دووەم: تێکدانی کەشی ئارامی مزگەوت و دروستبوونی ئاڵۆزی بەو شێوەیەی لە گرتە ڤیدیۆییەکاندا بڵاوکراوەتەوە، کارێکی نەخوازراوە و ئارامیی مزگەوتەکان تێکدەدات.
سێیەم: بڕیاردراوە بە پێکهێنانی لیژنەیەکی تایبەتمەند تاوەکو لە راست و دروستیی بابەتەکە بکۆڵنەوە و لە کۆتاییدا بەپێی یاسا و رێنماییەکان مامەڵە لەگەڵ دۆسیەکەدا دەکرێت.
ئەم هەڵوێستەی ئەوقاف لەکاتێکدایە، هەر ئەمڕۆ ئاسایشی سلێمانی دەستگیرکردنی گوتارخوێنەکەی راگەیاند. بەپێی راگەیێندراوەکەی ئاسایش، گوتارخوێنەکە ناوی هەڤاڵ فارس مەولودە و پیشەی ئەندازیارە، بەهۆی بەکارهێنانی "دەستەواژەی نەشیاو" بەرامبەر بە کوردانی رۆژئاوا و شەڕڤانانی شێخ مەقسوود، لەلایەن نوێژخوێنانەوە لە مینبەر هێنراوەتە خوارەوە.
ئێستا گوتارخوێنەکە بەپێی ماددەی 240 لە یاسای سزادانی عێراقی و بە بڕیاری دادوەری ئاسایش راگیراوە. لای خۆشیانەوە، عەباس خدر، بەڕێوەبەری ئەوقافی سلێمانی پێشتر بە رووداوی راگەیاندبوو، ئەگەر بێڕێزیکردنەکە پشتڕاست بێتەوە، مۆڵەتی گوتارخوێنیی ئەو مامۆستایە هەڵدەوەشێننەوە.