حکومەتی هەرێمی کوردستان: نزیکەی 9000 قوتابی گەڕاونەتەوە خوێندن
رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بۆ خوێندنی ساڵی 2025-2026، نزیکەی 9 هەزار قوتابی گەڕێندراونەتەوە بۆ قوتابخانەکان. هاوکات 30 قوتابخانەی نوێ دروستکراون و کار لە 30 قوتابخانەی دیکەشدا دەکرێت، لەگەڵ چاپکردنی زیاتر لە 22 ملیۆن کتێب بۆ نزیکەی ملیۆنێک و 900 هەزار قوتابی.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری سەر بە حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە راپۆرتێکدا کە ئەمڕۆ 16-01-2026 بڵاوی کردووەتەوە وردەکاریی کەرتی پەروەردەی لە ساڵی 2025 و بۆ ساڵی خوێندنی 2025-2026 خستووەتەڕوو رایگەیاندووە: "1 ملیۆن و 827 هەزار و 572 قوتابی لە قوتابخانەکانی هەرێمی کوردستاندا دەخوێنن".
بەگوێرەی راپۆرتەکە، لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 7 هەزار و 500 قوتابخانەی حکومی و ناحکومی هەن. ساڵی 2025 لە هەرێمی کوردستان 8 هەزار و 836 قوتابی گەڕێندراونەتەوە بەر خوێندن.
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا کە ئەمڕۆ هەینی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو نێردراوە ئاماژە بە دیجیتاڵیکردن و ژیریی دەستکرد لە وەزارەتی پەروەردە کراوە و راگەیێندراوە: "وەرگێڕانی بڕوانامە بۆ زمانی ئینگلیزی و عەرەبی تەنیا لە ماوەی 6 خولەکدا تەواو کراوە. هەروەها بەردەستبوونی ئەپڵیکەیشنی (ئی-هەڵسەنگاندن) بۆ بەخێوکەران، بۆ ئاگاداربوون لە نمرە و هەڵسەنگاندنی منداڵەکانیان [تەواو کراوە]".
لەبارەی ژێرخانی پەروەردەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە: "30 قوتابخانەی نوێ کراونەتەوە و کارکردن لە 30 قوتابخانەی دیکەدا بەردەوامەوە".
32 قوتابخانە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ یونسێف و دەزگای خێرخوازی بارزانی کارەبایان کراوە بە سیستمی وزەی خۆر (سۆلار). هەروەها پار بە بڕی 430 ملیۆن دینار 200 تەختەی زیرەک بۆ قوتابخانەکان دابینکراوە. ئەمانەش بەگوێرەی راپۆرتەکەی فەرمانگەی میدیا و زانیاری.
وەکو لە راپۆرتەکەدا باسکراوە، بۆ خوێندنی ساڵی 2025-2026 زیاتر لە 22 ملیۆن کتێبی چاپکراون، لەنێویاندا "گۆڕانکاریی زانستی" لە 22 کتێبدا کراوە.
بەشێکی دیکەی راپۆرتەکە تایبەت کراوە بە خوێندنی کوردی لە دەرەوەی وڵات (دیاسپۆرا) و ئاماژە بەوە کراوە: "بەشداریپێکردنی 2,500 هاونیشتمانی لە خولەکانی فێربوونی زمانی کوردی بەشێوەی ئۆنلاین و ناردنی 8,500 کتێبی کوردی بۆ قوتابخانەکانی دیاسپۆرا".
لە راپۆرکەدا حکومەت ژمارەی قوتابی و قوتابخانەکانی کەرتی گشتی و تایبەتی بەمشێوەیە خستووەتەڕوو:
- قوتابیانی قوتابخانە حکومییەکان: 1 ملیۆن و 681 هەزار و 522 قوتابی.
- قوتابیانی قوتابخانە ناحکومییەکان (تایبەتەکان): 146 هەزار و 50 قوتابی.
- قوتابیانی دەرچوو لە 12ـی ئامادەیی: 57 هەزار و 986 قوتابی بوون؛ لەو ژمارەیە حکومی 50 هەزار و 838 قوتابی، ناحکومی 7 هەزار و 148 قوتابی.
- ژمارەی قوتابخانەکان: 7 هەزار و 585 قوتابخانە؛ (6 هەزار و 957 قوتابخانەی حکومی و 628 قوتابخانەی ناحکومی).
جگە لە دروستکردنی 30 باڵەخانەی نوێی قوتابخانە و کارکردن لە 30 قوتابخانەی دیکە، بەگوێرەی راپۆرتەکەی حکومەت، 43 قوتابخانە نۆژەن کراونەتەوە، 10یان لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە بووە. 22 لەلایەن دامەزراوەی کوردستان فاوەندەیشن، 10 لەلایەن ئاژانسی کۆیکای کۆریای باشوور و یەک قوتابخانەش لەلایەن دەزگای روانگەوە نۆژەن کراوەتەوە.
لەو راگەیێندراوەکەدا باس لەوەشکراوە، سیستمی وزەی خۆر بۆ (32) قوتابخانە دانراوە؛ 25یان قوتابخانەیان لەلایەن دەزگای خێرخوازیی بارزانییەوە بووە و 7 یان لەلایەن رێکخراوی یونسێفەوە بووە.
بە گوێرەی راگەیێندراوەکە بۆ خوێندنی ساڵی 2025-2026 لە هەرێمی کوردستان 22 ملیۆن و 134 هەزار و 74 کتێب لە هەرێمی کوردستان بە "کواڵیتی بەرز" چاپکراون.