سپەیسی رووداو؛ شرۆڤە و زانیاری لەبارەی رووداوەکانی سووریا و ئێران
رووداو دیجیتاڵ
لەکاتێکدا جیهان چاوی لەسەر ئاسمانی تاران بوو و کە فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا بەرەو ئامانجەکانیان بفڕن، لێدوانێکی دۆناڵد ترەمپ هاوکێشەکەی گۆڕی. لە (سپەیسی رووداو) دا کە نوێنەر فاتیح بەڕێوەی دەبرد، وردەکاریی ئەو ساتە هەستیارانە و ململانێکانی ئەمریکا و ئێران لە واشنتن و نیویۆرکەوە خرانەڕوو.
لە سەرەتای گفتوگۆی سپەیسی رووداو، نوێنەر فاتیح پرسیاری لەبارەی ئەگەری هێرشی سەربازی ئاراستەی دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی رووداو لە واشنتن کرد. دیار کوردە لەسەر هەوڵە "چڕەکانی" چەند رۆژی رابردوو و گوتی: "دۆخەکە گەیشتبووە ئەوپەڕی گرژی، تەنیا ئەوە مابوو ئەمریکا فڕۆکەکان بنێرێت، بەڵام پەیامەکەی ترەمپ سەبارەت بەوەی ئاگادار کراوەتەوە کە ئێران چیدی خۆپیشاندەران لەسێدارە نادات، هەوڵەکانی کەمێک خاوکردەوە."
دیار کوردە ئاماژەی بەوەش کرد کە "وڵاتانی وەک قەتەر لەسەر داوای تاران داوایان لە ئەمریکا کردووە هێرش نەکات، بەڵام وەک گوتەبێژی کۆشکی سپی بە رۆژنامەڤانانی گوت، 'بڕیاری هێرشی سەربازی هێشتا لەسەر مێزی سەرۆکە' و لانەبراوە."
هەروەها دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی رووداو لە واشنتن: "دۆناڵد ترەمپ لەبارەی دۆخی ئێرانەوە بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ نەتەنیاهوو کردووە، گوتەبێژی کۆشکی سپی ئەمەی پشتڕاستکردەوە."
لە بەشێکی دیکەی سپەیسەکەدا، نوێنەر فاتیح پرسیاری لەبارەی کاریگەریی لیندزی گراهام، سیناتۆری نزیک لە ترەمپ کرد. دیار کوردە لە وەڵامدا گوتی کە گراهام "یەکێکە لە متمانەپێکراوترین کەسەکانی ترەمپ و تەنانەت لە کوشتنی قاسم سولەیمانیشدا راوێژی پێ کراوە." گراهام هیوای خواستووە "رژێمی ئێران بەرەو کۆتایی بچێت"، بەڵام وەک دیار کوردە دەڵێت: "ئەمریکییەکان هێشتا متمانەیان بە ڕەزا پەهلەوی نییە و نازانن دوای رژێم چی ڕوودەدات."
نامۆ عەبدوڵڵا، پەیامنێری رووداو لە نیویۆرک، ڕاستەوخۆ لە کاتی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجوومەنی ئاسایشەوە هاتە نێو سپەیسەکە. ئەو باسی لە گوتارێکی "پڕسۆزی" مەسیح عەلینەژاد، چالاکڤان و رۆژنامەڤانی ئەمریکی - ئێرانی کرد کە بە گریانەوە چیرۆکی خۆپێشاندەرێکی گێڕایەوە کە بە بڕوا بوون بە بەڵێنەکانی ترەمپ چووەتە سەر شەقام بەڵام کوژرا.
نامۆ عەبدوڵڵا چیرۆکێکی مێژوویی وەک پرسیار وروژاند: "ئایا ترەمپ هاوشێوەی جۆرج بوشی باوک لە ساڵی 1991، پشت لە خۆپێشاندەران دەکات؟" ئەو کاتە "بوش هانی عێراقییەکانی دا و دواتر بە تەنیا جێی هێشتن. ئەمەش جۆرێک لە بێمتمانەیی لە شەقام دا دروست کردووە."
د. موئمین زەڵمی، شرۆڤەکاری سیاسی و میوانی سپەیسەکە، روانگەیەکی جیاوازی خستەڕوو. ئەو پێی وایە ئەمجارە ئەمریکا و ئیسرائیل زیاتر دەیانەوێت ئێران "دەستەمۆ بکەن" نەک رژێم بگۆڕن.
سەبارەت بە رۆڵی سعوودیەش، د. موئمین ئاماژەی بەوە کرد کە "پەیوەندییەکانی تاران و ریاز بەرەو ئاساییبوونەوە چوون و وڵاتانی کەنداو هەوڵیان داوە بارودۆخەکە هێور بکەنەوە تاوەکو ناوچەکە نەکەوێتە ناو شەڕ."
لە سپەیسەکەی رووداو مایک بۆ بەشداربووانی دیکەش ئازاد بوو، بەشدارییەکی کارایان لە گفتوگۆکە کرد و بۆچوون و پرسیارەکانی خۆیان کرد.